Archive

Saturday, July 27, 2013

پەیام بۆ کۆنگرەی حەوتەمی یەکیەتیی لاوان




بەرێز کاک فواد خاکی بەیگی، سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستان
ئەندامانی بەرێزی کۆمیتەی بەرێوەبەری لاوان
ئەندامانی هێژای کۆنگرەی حەوتی لاوان


بۆ من جێگای خۆشحاڵی و شانازییە کە بە بۆنەی بەسترانی حەوتەمین کۆنگرەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پیرۆزبایەکی گەرم و گەشتان پێشکەش بکەم و بەم بۆنەوە چەپکە گوڵی ڕازاوەی سروشتی دڵرفێنی کوردەواریتان لە بەرۆک بدەم.
لە دڵەوە حەزم دەکرد کە دەرفەت و دەرتانی ئەوە لە گۆڕێ دا بوایە بۆ ئەوەی بتوانم لە نزیکەوە لەگەڵتان بەشداری کۆنگرەکە بوایەم تاکوو لە باسەکانتان بەهرەم وەرگرتبا. هەر چەند بە مەودا لێک دوورین، لێ بە دڵ لێک نزیکین!

بەشدارانی بەرێزی کۆنگرە!

گومانی تێدا نیە کە رێکخراوی یەکەتیی لاوانی دێموکڕات، لە ماوەی نێوان دوو کۆنگرەدا؛ لە کوردستان، چالاکی جیددی و بەرچاوی لە خۆی نیشان داوەو لە بەرەو پێش بردنی بڕیارو راسپاردەکانی کۆنگرەی شەشەم دا بە باشی چۆتە پێش و بە دروستی هەنگاوی ناوە.
ئەوەی جێگای بایەخەو لەم پەیامە کورتەدا دەمهەوێ ئاماژەی پێبکەم ئەویە کە هیودارم کۆنگرە بە وردبینی و وریایی تەواوە ئاوڕ لە بەشداری بەربڵاوتری ژنان و کچان لە پرۆسەی بڕیاردان و ئەرک پێ ئەسپاردنی ئەوان لە ئاستی هەرە سەرەوەدا بداتەوەو بەم هەنگاوە یارمەتی بە کولتووری بەرابەری بکات و لە هەمان کات دا دژی کۆنەپەرەستی و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و کولتووری بوەستێتەوە.
کار کردن بۆ دابین بوونی مافی ژنان وەکوو بەشێکی جیانەکراوە لە مافی مرۆڤ، تەنیا بە ئاخافتن نابێ و دەبێ بە کردەوە کاری بۆ بکرێ، گومان لەوەدا نیە کە بەشداری راستەوخۆی ئافرەتان لە ناوەندەکانی بڕیاردان دا گرینگی و کاریگەری بەرچاوی هەیە، لەبەر ئەوەی پیاوان هەرچەندە دێموکرات، پێشکەوتنخوازو لایەنگری وەیدهاتنی مافی دێموکڕاتیکی ژنان بین و بە کردەوەش هەوڵی بۆ بدەین، دیسان زۆر بابەت لە گۆڕێدا هەن و دەبن کە تەنیا ژنان بۆ خۆیان دەتوانن بیبینن و بۆ چارەسەر کردنی مشوری لێبخۆن.
خالێکی دیکە کە دەخوازم ئاماژەی پێبدەم، گەشەی هاوکاری و هاوپەیمانی یەکیەتیی لاوان لەگەڵ زۆربەی نیزیک بە تەواوی رێکخراوەکانی لاوانی کوردستان بە گشتیی، رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتییە. چڕتر بوونەوەی ئەم کردەوە دەتوانێ لە دێموکراتیزە کردنی عەقڵی سیاسیی کورددا رۆڵێکی شایان بلەیزێ و زۆر گرینگە کە بە بایەخەوە چاوی لێکەین و هیودارم کە کۆنگرە، رێبەرایەتی نوێ بۆ بەردەوامی لەسەر ئەو رێبازە ئەرکدار بکاتەوە.

نابێ لە بریمان بچێ کە یەکیەتیی لاوان وەکوو بە ڕابردووترین رێکخراوی لاوان لە ئاستی کوردستان و گەورەترین رێکخراوی لاوانی کورد لە ڕۆژهەلاتی وڵات دا، دەبێ هەر بەو شێوەیە کە شیاوی جێگەو پێگەی جەماوەری ئەو رێکخراوەیە، لەم بوارەدا رۆڵی سەرەکی  خۆی بپارێزێ، هەر وەکوو تاکوو هەنووکە لەم بازنەیەدا زۆر بە باشی و لێهاتوویی کاری کردوە...
لەم دەرفەتە کەڵک وەردەگرم و بە بۆنەی هەوڵی وەرگرتنی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە چەند ناوەند و رێکخراوی نێونەتەوەیی لاوان دا، وێرای دەست خۆشی و ماندوونەبوونی لە رێبەرایەتی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی شەشەم، پیرۆزبایی گەرمتان پێشکەش دەکەم و ئاواتەخوازم کە رێکخراوەکەتان لە ئاستی نێونەتەوەیی دا دەستکەوت و سەرکەوتنی پتر بە دەست بهێنێ.
جارێکی دیکە پیرۆزبایی بەسترانی کۆنگرەکەتان لێدەکەم و لە دڵەوە هیوای گەشەو پێشکەوتنی پترتان بۆ بە ئاوات دەخوازم و هیوام وایە کە کۆنگرەکەتان پڕ دەسکەوت و بە بەرهەم بێت.

لەگەڵ سپاس و سڵاوی دووبارەم بۆ هەموو لایەک

سەرکەوتوو بن.

برا و هاوڕێی هەمیشەیتان

رەحیم رەشیدی
واشینگتۆن

جولای ٢٠١٣

Friday, July 26, 2013

هەڵبژاردنەکانی ئێران و بابەتەکانی هەڵبژاردن و گەشەی دێموکراسی لە هەرێمی کوردستان

رێوڕەسمی کردنەوەی ٧مین کۆنگرەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێر ناوی "دەرخستنی تواناکان، خۆسازدان بەرەو دواڕۆژێکی روون" بەڕێوەچوو.

کوردستان میدیا: 

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٤ی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی، رێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرەی ٧ی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەشداریی بەڕێز "مستەفا هیجری" سکرتێری گشتی و ژمارەیەک لە ئەندامانی رێبەریی حیزبی دێموکرات، نوێنەرانی رێکخراوەکانی لاوانی هەرچوار پارچەی کوردستان، ئەندامانی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ٧ و ئەندامانی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات، بەڕێوەچوو.

رێوڕەسمەکە بە خوێنەنەوەی سروودی نەتەوایەتیی "ئەی رەقیب" و راگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستی پێ کرد.

پاشان پەیامی کردنەوەی کۆنگرە لەلایەن "عەلی کەسنەزانی" ئەندامی دێرینی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران خوێندرایەوە و دوابەدوای ئەوەش پەیامی کۆمیتەی گشتیی بەڕێوەبەری و دەستەی ئامادەکاریی کۆنگرەی ٧ی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەلایەن "زەینی کوردستانی" ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەو یەکیەتییەوە خوێندرایەوە.

لە بەشێکی پەیامی دەستەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتدا هاتبوو: لەم کۆنگرەیەدا بە داخەوە ئەندامانی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات لە نێوخۆی وڵات، بەهۆی هەلومەرجی نالەبار و بارودۆخی ئەمنی، نەیانتوانیوە بەشداری کۆنگرەکە بن کە هەر لێرەوە هیوای سەرکەوتن و خەباتی بەردوامیان بۆ دەخوازین.

دواتر پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن بەڕێز "حەسەن شەرەفی" جێگری سکرتێری گشتیی حیزبەوە خوێندرایەوە. بەڕێزیان لە پەیامەکەیاندا وێڕای دووبارە کردنەوەی پشتیوانیی حیزبی دێموکرات لە یەکیەتیی لاوان، باسی رۆڵ و گرینگیی لاوانی لە هەر کۆمەڵگایەکدا کرد و وتی: "ئاواتەخوازین کە کۆنگرەکەتان لە بەجێ هێنانی ئەرکەکانی سەرکەوتوو بێ و بەڕێوەبردنی رێکوپێک و بەوەختی کۆنگرەکەتان دەرخەری باوەڕی راستەقینەتان بە دێموکراسی و پێداچوونەوە بە کاروباری رابردوو و داڕشتنی پلان بۆ داهاتوو و دەستنیشان کردنی رێوشوێنی گونجاوتر بۆ بڕینی مەودای گەیشتن بە ئامانجەکانتانە. کۆنگرەکەتان لە هەلومەرجێکدا بەڕێوە دەچێت کە رووداوەکانی ناوچە و ئاڵوگۆڕە جیهانییەکان، شوێنی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی خەڵکی ناوچەکە و کوردستان بە تایبەتی داناوە، بۆیە لەم کاتە هەستیارەدا رۆڵی لاوان بۆ پێشخستنی خەباتی رەوای گەلەکەمان زیاتر بەرجەستە دەبێتەوە".

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا پەیامی خوشکە نەسرین قاسملوو، هاوسەری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو بە زمانی فارسی لەلایەن "لەیلا محەممەدی" ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە خوێندرایەوە. لە بەشێکی پەیامی خوشکە نەسریندا هاتبوو: "لە ئێستادا میلیۆنان هاووڵاتیمان لە هەژاری و نەداریدا دەژین و رێژیمە دیکتاتۆرەکانی وڵاتەکەمان دیانهەوێ پێش بە خەباتی گەلەکەمان بگرن، بەڵام خەباتی گەلی کورد بەردەوامە و درێژەی بە شۆڕشی گەورەی خۆی داوە و ئێوەش وەکوو یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ هێنانەدی و جێگیر کردنی ئازادی و دێموکراسی خەبات دەکەن".

پاشان پەیامی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لەلایەن "سۆران باریکە" ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتەوە خوێندرایەوە و پەیامی کرمانج یوونس نوێنەری رێکخراوی نێودەوڵەتیی تۆڕی جیهانیی لاوانی ئاشتی‌پارێز، بەبۆنەی کردنەوەی کۆنگرەی ٧ی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەلایەن ناوبراوەوە پێشکەش کرا.

دواتر پەیامی یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیست لەلایەن "رۆژین ئەشرەفی"یەوە خوێندرایەوە و لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا پەیامی لاوانی کوردستانی باکوور لەلایەن "ئازا دیار"ـەوە پێشکەش کرا.

پەیامی فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی ئێران لەلایەن "سەید جەلال ساڵحی" سکرتێری گشتیی ئەو فیدراسیۆنەوە خوێندرایەوە.

پاشان پەیامی لاوانی کوردستانی باشوور لەلایەن "سامان قەرەچۆغی"یەوە پێشکەش کراو و دوابە دوای ئەوەش پەیامی لاوانی کوردستانی رۆژئاوا لەلایەن "سیپان زوبێر"ـەوە خوێندرایەوە.

کۆمەڵێک پەیامی و برووسکەی پیرۆزبایی بە دەستی کۆمیتەی ئامادەکاری گەیشتبوون کە ناوەکانیان بەم چەشنەیە: 

ـــ یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ـــ یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ـــ ناوەندی نێرگز 
ـــ یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان
ـــ کۆمەڵەی لاوانی رۆژهەڵات
ـــ رێکخراوی لاوانی پێشڕەو
ـــ مەکتەبی سکرتاریەتی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستان
ـــ کۆم جوانێن ئورووپا
ـــ رێکخراوی ئازادیی لاوانی کورستان
ـــ لاوانی پارتی سوسیالیستی کوردستان
ـــ یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی لە کوردستانی عێراق
ـــ سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوانی
ــ کۆمەڵەی پەرەپێدانی تواناکانی لاوان
ـــ سەنتەری پەرەپێدانی لاوان
ـــ رێکخراوی لاوانی یەکیەتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان
ـــ ناوەندی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران
ـــ یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران
ـــ کۆمیتەی گشتیی کۆمەڵەی کولتووری لە نوروێژ
ـــ کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران، ژنێڤ
ـــ پارتی ماف و ئازادی، HAK PAR
ـــ کۆمەڵەی چاند و پەروەردەی نەوبەهار، باکووری کوردستان
ـــ یەکیەتیی رۆژنامەنووسان عێراق، هەرێمی کوردستان
ـــ لیژنەی لاوانی پارتی ئازادی و سوسیالیزمی باکووری کوردستان
ـــ رێکخراوی لاوان و خوێندکارانی سەربەستیی کوردستان
ـــ رێکخراوی خوێندکارانی موحافزەکاری نوروێژ
ـــ رێکخراوی نێونەتەوەیی ئەنیمۆ، بلژیک (ANIMO) 
ـــ رێکخراوی لاوانی سەربەستیی کوردستان
ـــ کۆمەڵێک لە کەم ئەندامانی شاری مەهاباد
ـــ تەشکیلاتی نهێنیی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد
ـــ تەشکیلاتی نهێنیی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات لە نێوخۆی وڵات
ـــ بزووتنەوەی لاوانی فەتحی فەلستین
ـــ رێکخراوی لاوانی کاری نوروێژ
ـــ دوکتور پەری قەرەداخی، سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤ لە ئەمریکا
ـــ سورەیا فەلاح
ـــ دارا ناتق، سکرتێری پێشووی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ـــ رەحیم رەشیدی
ـــ شاهۆ ئیبراهیمی
ـــ لوقمان عەبدوڵڵازادە

لە نێوئاخنی ئەم رێوڕەسمەدا سروودێک لەلایەن کۆڕی مووزیکی کومیسیۆنی پەروەردەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە و هەروەها کۆمەڵێک گۆرانی بە دەنگی هونەرمەندان "غوڵام فاتحی و بەیان سەلیمی"یەوە پێشکەش کران.

Monday, July 22, 2013

بەرز ڕاگرتنی یادی شەهید قاسملوو لە واشینگتۆن

رەحیم رەشیدی

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢١ی جولای ٢٠١٣ی زایینی، کۆڕیادێکی بەشکۆ بۆ رێزگرتن لە یادو بیرەوەری شەهیدانی ڤیەن، بە بەشداری کوردەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان و نوێنەری حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی کوردستانی، لە دەڤەری واشینگتۆن بەرێوەچوو.کۆڕەکە کاتژمێر چواری سەر لە ئێوارێ بە سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردو کوردستان دەستی پێکرد.لە دەستپێکی ئەو بەرنامەدا بەرێزان مەنسوور عەزیزی وەکوو ئەندامی رێبەری و مریەم داستان بە نوێنەرایەتی بنەماڵەی شەهیدان، پەردەیان لەسەر وێنەیەکی شەهید دوکتۆر قاسملوو لادا کە لە لایەن دوریا عەبدوڵازادە ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستان لە ئامریکا کێشرابوەوەو ئەم وێنەیە پێشکەش بە یادو بیرەوەری گەورە رێبەری کورد دوکتۆر قاسملوو کرابوو.دواتر رەحیم رەشیدی سەبارەت بە کەسایەتی دوکتۆر قاسملوو کاریگەری ئەو رێبەرە لەسەر تەڤگەری رزگاریخوازانەی کورد دوا.ئینجا کاک مەنسوور عەزیزی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حدکاو بەرپرسی تەشکیلاتی ئەو حیزبە لە دەرەوە، لە وتارێکی تێرو تەسەل دا، باسێکی لەسەر کاریزماتیک بوونی کەسایەتی دوکتۆر قاسملوو پێشکەش کرد.دواتر چالاکی سیاسیی کاک کەماڵ داودی سەبارەت بە ژیان و خەباتی دوکتۆر قاسملوو قسەی کردو بڕگە جیاجیاکانی ژیانی ئەو رێبەرەی تاوتوێ کرد.پاشان پەیامی لقی حەوتی پارتی دێموکراتی کوردستان لە ئامریکاو کانادا، هەروەها بروسکەی کۆمیتەی رێکخستنی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان لە ئامریکا خوێندرایەوە.ئەوجار کاک جەلیل ئازادیخواز ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان وتارێکی لەسەر رۆڵی سەرەکی دوکتۆر قاسملوو لە جوڵانەوەی رزگاریخوازانەی کوردستان دا پێشکەش کرد.پەیامی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دێموکڕاتی کوردستان لە لایەن کاک موحەممەد داستان کادری دێرینی حیزبەوە پێشکەش کرا.جێگای ئاماژەیە کە بروسکەی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ و بەدەپە بە بۆنەی ساڵرۆژی شەهیدانی ڤینەوە بە بەرێوەبەرانی رێورەسمەکە گەیشتبوو.لە کۆتایی کۆڕیادەکەدا، بەشدار هیراتی شێعرێکی لە پەسنی مەزنی دوکتۆر قاسملوودا خوێندەوە.لە دوا بەشی ئەو کۆڕیادەدا، هێژا مەنسوور عەزیزی بە ناوی رێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە لایەن کۆمیتەی ئامریکای ئەو حیزبەوە، سوپاسی ئامادەبووانی کۆڕیادەکەی کردو هەموو لایەکی لەوە دڵنیا کردەوە کە خەبات بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی دوکتۆر قاسملوو تاکوو سەرکەوتنی یەکجاری درێژەی هەیە.شایانی باسە کۆڕیادەکە بە بەشداری پتر لە ٢٠٠ کەس، کاتژمێر ٦:٣٠ی سەر لە ئێوارێ کۆتایی پێهات.


























Friday, July 12, 2013

بە یادی دوکتۆر قاسملوو گەورە پیاوی ڕۆژە سەختەکان!




رەحیم رەشیدی
١٥ ساڵ چه‌ند قورس تێده‌په‌ڕێ‌و تاقه‌تی مرۆڤ‌و خۆڕاگری وی بۆ راوه‌ستان له ئاست دژوارییه‌کان‌داو مانه‌وه‌ی بۆ له بیر نه‌کردنی تاڵی‌یه‌کان چه‌ن قورس‌و قایمه.
ڕه‌نگه ئه‌مه هه‌نگاوێک بێ بۆ پاشه‌وه که مرۆڤ له بازنه‌ی ئه‌ندێشه‌کانی خۆی‌دا پاش ١٥ ساڵیش هه‌ر چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئازیز بکاو له‌گه‌ڵ تروسکه‌ی به‌یانییه‌ک قیت‌وقنج هه‌ڵسێته سه‌ر پێ‌و به ئارامی‌و له‌سه‌ر خۆ بڵێ: ئه‌م کاته‌ت باش.
وا بیر ده‌که‌مه‌وه که ڕاوستان رێک له‌م خاڵه‌وه ده‌ست پێ ده‌کاو گه‌لێک جاریش له‌م ڕاوه‌ستانه‌دا ڕابردوویه‌ک له دایک ده‌بێته‌وه که ئێمه‌ له ترسی له ده‌ست دانی، دایم دووپاتی ده‌که‌ینه‌وه‌و له‌م سۆنگه‌وه بۆ چوارده‌وری خۆمان ده‌ڕوانین‌و ڕه‌نگه لێره‌دا ئیدی خه‌ونه‌کانیش هه‌ر به‌گومانه‌وه له دایک بن.
گومانێک هه‌رگێز ناهێڵێ ئێمه له ناخی خۆمان‌دا ئۆقره بگرین‌و ئاسوده بین. گومان لای نه‌ته‌وه‌ی مه ئه‌ونه ده‌مه‌ زه‌رد کراوه‌ته‌وه که بلیمه‌ته‌کانیشمان هیندێک جار ناتوانن له گومان خۆ ببوێرن.
ده‌کرێ گومان له پانتایی خۆی‌دا جه‌وهه‌ری گۆڕان بێ، گۆڕانێک که قه‌ڵایه‌ک له قه‌تیس مانه‌وه‌ به‌ره‌و جوڵه سازبدا وه‌ک ئه‌و مه‌له‌وانه‌ی که خۆی له گۆلێکی ئارام داوێ‌و ده‌یشڵه‌ژێنێ‌‌و گیان به‌ به‌ر بوونی ون‌ بووی گۆل‌دا ده‌کاو واقیعێک ده‌خولقێنێ که به‌رهه‌می گومانه.
ده‌کرێ به دیوێکی دیکه‌دا بڵێین مه‌له‌وان بوونی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی له شڵه‌ژانی گۆل‌دا ده‌بینێته‌وه‌و به‌ده‌م شه‌پۆله‌کان‌و شڵپ‌وهۆڕه‌کانه‌وه هه‌ست به واقیعی بوونی خۆی ده‌کا.
سه‌یره زۆر جار مه‌له‌وانه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی گیان به‌به‌ر شه‌پۆله‌کان‌دا بکه‌نه‌وه چه‌ن ساکار ده‌بنه قوربانی گومان‌و چه‌ن ساده له بوونێکی واقعییه‌وه ئارام ئارام ده‌چنه ناخی بێده‌نگی‌یه‌کی کوشه‌نده که بۆ ئێمه ته‌نها چاوه‌ڕوانی به‌رهه‌م دێنێته‌وه.
چاوه‌ڕوانی گۆڕانی دەوران و گۆڕانی ته‌عبیرێکی نوێ بۆ خه‌ونه‌کان‌و ده‌رباز بوون له قۆناغێکه‌وه بۆ قۆناغێکی دیکه. ئه‌مه‌ مه‌ترسی‌یه‌کی کوشه‌نده‌یه که ئاوڕ له وزه‌و تواناکانی خۆمان نه‌ده‌ینه‌وه‌و به‌رده‌وام خۆمان له سه‌ر پرۆسه‌ی چاوه‌ڕوانی بهێڵێنه‌وه.
دوکتۆر قاسملوو 15 ساڵ به‌ر له ئێستا، خاک، نیشتمان، نه‌ته‌وه، مرۆڤ‌و خۆشه‌ویستی‌و ته‌نانه‌ت تیرۆریزم‌و توند‌وتیژی‌و زۆر چه‌مک‌و بابه‌ت گه‌لی دیکه‌ی بۆمه پێناسه کرد.
هه‌نگاوه‌کانی قاسملوو که بۆ ژووری دیالۆگ هاویشتنی، جیا له‌‌وه‌‌ی باوه‌ڕ به‌خۆبوونێکی قووڵ‌و شوێندانه‌ر له ناخی ئه‌ودا به ئێمه نیشان ده‌دا، له هه‌‌مان حاڵ‌دا ده‌مانهێنێته سه‌ر ئه‌و ڕاستییه‌ی که قاسملوو هه‌رگیز له ده‌روازه‌ی گومانه‌وه بۆ دیالۆگ هه‌نگاوی نه‌نا، ئه‌و له لایه‌ک باوه‌ڕی به گۆڕان هه‌یه‌و ده‌خوازێ بۆ گۆڕان هه‌نگاو بنێ‌و له هه‌نگاوه‌کانیشی‌دا مرۆڤ وه‌کوو بونه‌وه‌رێک هه‌میشه لای پیرۆز بووه.
ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ که قاسملوو له دڵ ره‌شی هێزی به‌رامبه‌ر تێنه‌گه‌یشتووه. به‌ڵکوو خوێندنه‌وه‌یه‌کی لۆژیکی ئه‌وه ده‌رده‌خا که قاسملوو له‌و باوه‌ڕه‌وه که ده‌کارێ گۆڕانێک به‌ره‌و باشتربوون بخولقێنێ خزایه نێو ژووره بێده‌نگه‌‌کانی دیالۆگه‌وه.
ئه‌مه به هیچ جۆر نابێ ئه‌و گومانه‌مان لا دروست بکا که قاسملوو به هه‌ڵه‌دا چوو، قاسملوو به‌م هه‌نگاوه دوو باوه‌ڕی گرینگی بۆ جێهێشتین:
یه‌که‌م: بۆ ئه‌وه‌ی گومانه‌کان له خه‌ونه‌وه بۆ دونیای واقیع بگوازینه‌وه ده‌بێ پرۆسه‌ی چاوه‌ڕوانی وه‌لانێین‌و به‌رده‌وام ئه‌و باوه‌ڕ‌ه‌مان تێدا دروست بێ که بۆ گۆڕان هه‌نگاونان پێویسته، هه‌نگاوێک که له‌سه‌ر بنه‌مای پیرۆزی مرۆڤ بۆ پێشه‌وه بهاوێژرێ.
دووهەم: خاڵێکی دیکه که قاسملوو بۆمانی کردۆته کولتوور ئه‌وه‌یه که ئێمه ده‌توانین له‌سه‌ر لایه‌نی به‌رانبه‌ری خۆمان شوێن دابنێین‌و وه‌کوو پێویست گۆڕانکاری تێدا دروست بکه‌ین. به‌ڵام ده‌بێ بۆ سازدانی ئه‌م پرۆسه‌یه ئارام، هێدی‌و له‌‌سه‌ر خۆبین‌و مرۆڤه‌کان له ده‌ره‌وه‌ی نه‌ریتی که‌ره‌سته ببینیین، ئه‌وانه‌ی هاتن‌و قاسملوویان داییه به‌ر رێژنه‌ی گولله‌و کاک عه‌بدولڵاشیان له‌گه‌ڵ وی‌دا له ئێمه ئه‌ستاند، مرۆڤ به مانایی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان نه‌بوون، ئه‌وان که‌ره‌سته بوون؛ ئه‌م که‌ره‌ستانه ڕه‌نگه خه‌میش دایان گرێ‌و تووڕه‌ش بن‌و به‌گژێ خۆیان‌دا بچنه‌وه، که‌واته ئاساییه‌ بڵیین ئه‌وانیش لە رەوتێکی جیاوازدا قوربانیین، قوربانی سیسته‌م‌و ئایدولۆژییه‌کن که ده‌یان هه‌و‌ێ یه‌ک ڕه‌نگ‌و یه‌ک بۆن‌و یه‌ک پێناسه به مرۆڤه‌کان ببه‌خشن، له حاڵیک‌دا قوربانیانی ئێمه‌و ئێمه‌ی هه‌ڵگری باوه‌ڕه‌کانیان، پێداگرین که ده‌کرێ له‌سه‌ر بنه‌مای لێک نه‌چوونه‌‌کانیش پێکه‌وه ئارامی بخولقێنین...
15 ساڵ تێده‌په‌ڕێ‌و ئێمه به خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر رۆژه‌ی بیرو ئەندێشەی مامۆستاو ڕێبه‌ری به‌توانامان، قووڵتر تێده‌گه‌ین که مرۆڤ پیرۆزه‌و هه‌موو باوه‌ڕو که‌ره‌سته‌و ئایدۆلۆژیایه‌ک ده‌بێ له خزمه‌تی ئینسان‌و بۆ ئینسان بێ...
ئێمه ناخوازین به خوێن گۆڕان پێک بێنیین. ئێمه بیر له خۆشه‌ویستی ده‌که‌ینه‌وه‌و هه‌ر له‌م ڕه‌هه‌نده‌ش‌دا ده‌توانیین بوونی خۆمان وه‌کوو واقیعێک هه‌ست پێبکه‌ین.
با له بیرمان نه‌چێت، ئه‌گه‌ر قاسملوو له سەردەمێکی ئاڵۆزدا بۆ دیالۆگ هه‌نگاوی نا، ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌وه بوو که نه‌گه‌ینه دۆخی چاوه‌ڕوانی‌و له خه‌یاڵی ڕێژنه‌ بارانی ڕه‌حمه‌ت‌دا بۆی نەنووین...

تێبینی:
ئەم وتارە کاتی خۆی لە بیرەوەری ١٥ ساڵەی شەهیدانی ڤیەن دا نووسراوەو لە گۆڤاری لاوان دا بڵاوکراوەتەوە.

Thursday, July 11, 2013

بۆ یەکەم جار لاوێکی کورد، بە جلوبەرگی کوردییەوە لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان وتارێکی پێشکەش کرد.



 رەحیم رەشیدی/ واشینگتۆن

کرمانج یونس عوسمان، دانیشتووی باشوری کوردستان و چالاکی مەدەنی و لێکۆڵەری ئاشتی، هاوڕێ لەگەڵ شاندی لاوانی جیهان، لە رێکخراوی نەتەوەیکگرتوەکان سەبارەت بە پرسی ئاشتی وتارێکی پێشکەش کرد.
توڕی جیهانی لاوان ئاشتی پارێز ناوەندەکەی لە شاری لاهای هۆڵەندایەو ٦٥ رێکخراوی نێونەتەوەیی لاوان لە ٣٥ وڵاتی دونیاوە، وێرای هەزار لاوی چالاک لە بواری ئاشتی دا تێیدا ئەندامن.
شاندی ناوبراو، لەگەڵ نوێنەری تایبەتی بانکی مۆن سەرۆکی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پرسی لاوان، کۆبوونەوەتەو هەروەها لە لایەن نێردراوی وڵاتانی ئامریکا، مەکزیک، بەلجیکا، کۆستاریکا، ئیرلەندا، هۆڵەندا، نوروێژو سوئێدوە پێشوازیان لێکراوە.
کرمانج یونس بە ئامادە بوونی نوێنەری بانکی مۆن، سەبارەت بە رۆڵی لاوانی کورد لە پرۆسەی ئاشتی دا لە کوردستان و جیهان، وتارێکی پێشکەش کرد.
شاندی لاوان بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی نەتەوەیەکگرتوەکان، هەشت کەسن کە لە میسر، نەیجەریا، پاکستان، هێندوستان، ئەفغانستان، ئارژانتین، هۆڵەنداو هەرێمی کوردستان پێکهاتوون و هەوڵیان داوە ئەنجوومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، بۆ پابەند بوونی لاوان سەبارەت بە ئاشتی لە ئاستی دونیادا، بڕیار بدات.

Tuesday, July 2, 2013

بەشداری کوردەکان لە خولی زانکۆی شەر لە ئامریکادا سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ پێشمەرگەی کوردستان

بەرێوەچوونی کۆرێک سەبارەت بە مێژوو لە دەڤەری واشینگتۆن

رەحیم رەشیدی

رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٩ی ژوئەنی ٢٠١٣ی زایینی، لە دەڤەری واشینگتۆن کۆڕیک سەبارەت بە باس لە سەر مێژووی کوردو کوردستان بە گشتیی و بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی کورد بە تایبەتی بەرێوە چوو.
کۆڕەکە کاتژمێر ١٢ی نیوەرۆ دەستی پێکردو پاش بەخێرهاتن کردنی ئامادەبووان، چالاکڤانی سەربەخۆ "ئەسعەد گۆزە" باسێکی دوورو درێژی سەبارەت بە دیرۆکی کوردو کوردستان دەست پێکرد.
پێویستە بگوترێ کە بەشدارانی ئەو کۆڕە، باسەکەیان بە لاوە گرینگ و پێیان وابوو کە دەبێ ئەم جۆرە کۆڕو کۆبوونەوانە بۆ شارەزابوونی پتری کوردانی تاراوگە سەبارەت بە مێژووی وڵاتەکەیان، پەرە پێبدرێ.
کۆڕگێر بڕگە جیاجیاکانی مێژووی وڵاتەکەمانی شی کردەوەو ئەو هۆکارانەشی دەست نیشان کرد کە بۆچی کورد نەیتوانیوە یان نەیانهێشتوە لەسەر خاکی خۆی دەوڵەتی نەتەوەیی پێکبێنێ.
لە بڕگەیەکی دیکەدا، کۆڕگێر وڵامی تێبینی و پرسیاری ئامادەبووانی دایەوەو کاتژمێر ٢:٣٠ پاشنیوەڕۆ کۆڕەکە کۆتایی پێهات.