Archive

Thursday, May 29, 2014

دیسان کوردستان تیڤى لە ئەمریکا و مەکسیک خه‌ڵات كرا

ئەوین، نیشتمانپەروەری و خیانەت لە "شەقامی دوکتۆر قاسملوو"دا



رەحیم رەشیدی / واشنگتن

کاک فەتحی میرزائیان نووسەر و دەرهێنەری فیلمی "شەقامی دوکتۆر قاسملوو"، گەورەیی کرد و کارئاسانی کرد بۆ ئەوەی بە شێوەی تایبەت، لە رێگای ئینتڕنێتەوە، ئەو فیلمە ببینم.
مرۆڤ سەرەتا هەست دەکات، فیلمەکە سەبارەت بە ژیان و بەسەرهاتی شەهید قاسملووە، هەر بۆیە پێی وایە کە لەو بەرهەمەدا، کۆمەڵێک شت لە بارەی ئەو رێبەرەوە باس دەکرێ!
میرزائیان، بە دەست کورتی و بە بێ ئەوەی کۆمپانیایەکی زەبلاح، یان دەستمایەدارێک پشتیوانی لێبکات، چیرۆکی پڕ لە کارەساتی خەباتی ڕەوای میللەتێکی لە رێگای چاوی کامێراکەیەوە، بۆ نەوەی نوێی کوردستان و جهیان، لە ماوەی ٩٠ خولەکدا تۆمار کردوە...
بینەر، لە گرێچنی ئەو فیلمەدا، لەگەڵ خەبات و ئەوین، ژین و ژیان، هیوا و بێ هیوایی، لە ئاکام دا لەگەڵ ئیرادەی بەرزی لاوان ئاشنا دەبێ، کە چۆن دێوەزمەی مەرگ و نەهامەتی، ژیانی کۆمەڵگای کردۆتە دۆزەخ، بەڵام بەو حاڵەش هیوای هەڵاتنی هەتاو لە ناخی گەلدا هەر بە تین و تاوە، هەر بۆیە خەبات بۆ ئازادی سەرەڕای هەموو مەترسییەکانی بەردەوامە.
لێروەیە کە خۆشەویستی میللەت بۆ قاسملوو بازنەیەکە کە ئەوان لە دەوری یەکتر کۆدەکاتەوە و ئەمەش بەردەوام هیوا و ڕووناکایی بەرهەم دێنیتەوە...
دەرهێنەری فیلمی سینەمایی "شەقامی دوکتۆر قاسملوو"، ڕازاندنەوەی فیلمەکەی، یان باشترە بێژم بۆ سەر لە نوێ شلەقاندنەوەی گۆمی مەندی خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان، چیرۆکی ئەوینی "هاوار و هێرۆ" کە دوو ئەکتەری سەرەکی ئەو فیلمەن، دەکاتە هەوێنی فیلمەکەی و لەم نێوەدا زۆر داستانی پڕ لە کارەساتی نەبوونی، ترس، دڵەراوکە، جاشایەتی، دژبەری لەگەڵ جوانی و خۆشەویستی، نیشتمانپەروەری، نەداری و هەژاری لە پاڵ یەکدا دادەنێ، کەچی لە ئاکام دا ئەوەی دیباتەوە خۆشەویستی خاک و خەڵکە.
سەرەڕای دژواری و بێ دەرەتانی، نەبوونی پوڵ و کەرەستەی پێویست؛ بۆ ساز کردنی فیلمێکی ئەوتۆ، کە ساڵی ٢٠١١ و ٢٠١٢ لە هەرێمی کوردستان بەرهەم هاتوە، بە باوەڕی من دەرهێنەری توانیویەتی بەرگی کردەوە بە بەر خولیا و ئاواتی خۆیدا بکات و ئەوەی مەبەستیەتی وەکوو عەشقێک بۆ رێبەرەکەی، لە دونیای هونەر و سینەمادا تۆماری بکات...
لێرەوەیە کە دەبێ ئەم خاڵە لەبەر چاو بگیردرێ، شتێک هەیە لە رۆژهەڵات، کە ناهێڵی گوڵی هیوای میللەت بژاکێ، بەڵکوو بەردەوام هێزێک بوونی لە پانتایی کۆمەڵگادا هەست پێدەکرێ کە داوای ئازادی دەکات و ئامادەشە بۆ گەیشتن بە ئازادی نرخی زۆر پێشکەش بکات...
هەر بۆیە ڕەوتی ئاشنا بوونی دوو کارەکتەری سەرەکی لەو فیلمەدا، ئاوێتەی خەباتی رزگاریخوازانەی رۆژهەلاتی وڵات دەکرێ و بە بیرمان دێنێتەوە کە خەبات لە دژوارترین ساتەکان دا وەستان بە خۆوە نابینێ و خەباتکار خۆشەویستی گەل و خائین نفرەت لێکراوە!
هەوێنی ئەوینی "هاوار" كاراكتێری سەرەكیی فیلمەكە لەگەڵ "هێرۆ"یە، کە لە درێژەدا بە هەمان شێوە، ئەو ئەوینە دەبێتە تێشووی خەبات لە نێوان "هێرۆ ‌و هومایون" دا...
لەسەر یەک دەتوانم بێژم، ئەم فیلمە لەسەر رێبازی سووریالیستی بەرهەم هاتوە کە لەودا، پەڕژاوەتە سەر خەباتێكی نهێنی، مەدەنی و ئاشتیخوازانەی گەلێك كە ساڵانێكی زۆرە نیری تیرۆر و زۆرداری باڵی بەسەردا کێشاوە، لێ نەیتوانیەوە لە تێکۆشان بۆ رزگاری بیوەستێنێت و چۆکی پێدادات...
دەکرێ زۆر ڕاشکاوانە بێژم کە بەشداری ئەو وەچە نوێیەی خەباتی ئەم سەردەمەی کوردستان، ئەوانەی کە بە هۆئ ئازار و جەزرەبەی داگیرکەرەوە، پەڕیوەی دەرەوەی سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون، سەرەکیتریین تایبەتمەندی فیلمی "شەقامی دوکتۆر قاسملوو" لە خۆ دەگرێ، کە لە چوارچێوەی ناوێکی ئەوتۆدا هەموو خەم، ئازار و هیواکانی میللەتێک بۆ ئازادی کۆ کراوەتەوە.
ئەو کەسانەی لەو فیلمەدا دەور دەبین، ئەکتەرگەلی کاراو دیاری دونیای سینەما و هونەری فیلم نین، بەڵام ئەو مرۆڤە ئاسایانەی کۆمەڵگان کە خۆشەویستی خاک و خەڵکیان لە هەناویان دا هەڵگرتوە. ئەمەش زۆر جار ختوولکەی هەست و هەناوی بینەرانی ئەو فیلمەکە دەدات، کە لەگەڵ ئەو ئاوات و ئازارانە ئاشنان.
ناوەرۆکی فیلمەکە، بینەرەکانی، ماتەمبار دەکات، هیوایان پێدەبەخشێ، دڵخۆشیان دەداتێ، لە هەمان کات دا ئەسرین بەسەر گۆنایان دا قەتارە دەبەستێ، بێئەوەی ئامادەی تەسلیم بوون بن. خەبات بۆ ژیانێکی باشتر لە سات بە ساتی ئەو فیلمەدا، سێبەری بەسەر سەرمانەوە لاناچێ!
پێم وایە ئەم بەرهەمە سینەماییە، دەتوانێ کاریگەری خۆی بە قوڵی لەسەر جەستە و رۆحی ئەوانەش بەجێبێڵێ کە نوقمی شادی و ئازادین، لەگەڵ ئەوەی کە رۆژ رەشیی، شەر و سەرکوتیان نەدیوە، بەڵام مرۆڤن و بە ئازاری مرۆڤەکان و دژواری ژیانیان تووشی ڕامان و ڕاچڵەکین دەبن.
ئالێرەوەیە کە دەبێ ئێمە بە هەموو شێوەیەک هاوکاری و یارمەتیدەری بەرهەمێنەری ئەو فیلمە بین، بۆ ئەوەی خەڵکی جیهان تێبگەن کە هێشتا هەن کەسانێک لەم دونیادا کە بۆ رزگاری هەموو سەختییەک تاقەت دێنن، بەڵام ئامادە نین بۆ ملهوری و زۆرداری چۆک دابدەن.
ئەوە هیچ لەو راستییە ناگورێ، کە چ روانیین و رەخنەیەکمان لەسەر ناوەرۆکی فیلمی "شەقامی دوکتۆر قاسملوو"، هەیە، کەموکوڕی و هەڵەکانی چن، ئاخر خۆ دەبێ میللەتی مەش فێر بێ کە لەو دەرەتانە نوێییە بە قازانجی پرسی کورد لەم سەردەمەدا کەڵک وەرگرێ؛ ئەمەش بەوە دەکرێ کە هەوڵی بینینی ئەو فیلمە بدەین و زۆرترین بینەری بۆ کۆکەینەوە؛ بۆ ئەوەی میرزائیان بتوانێ لە کارەکەی بەردەوام بێ و لە داهاتوودا شتی باشتریشمان پێشکەش بکات.
گومانم نیە کە ئەمە وەفایەکە بۆ رۆحی بەرزی دوکتۆری شەهید و ئاوێتەکردنەوەی رۆحمانە بە دژوارییەکانی خەباتی ئەو کوڕ و کچە گیان لەسەر دەستانەی نێوخۆی وڵات، کە بەردەوام بێ هیوایی بۆ دوژمین بەرهەم دێنن.
با لە بیرمان نەچێ، "شەقامی دوکتۆر قاسملوو" پرۆژەیەکی نەتەوەییە و هەوڵیدانێکی پڕ واتایە بۆ ئەوەی دونیا گوێی کەڕی خۆی بکاتەوە و چیدی چاوەکانی لەسەر ئەو هەموو برین و ئازارانەی رۆژهەڵاتی کوردستان نەبەستێت.
ئەوەتا، دژبەرانی ئازادی، هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن؛ بۆ ئەوەی هاواری ئێمە نەبیسترێ، کەوایە لەم دۆخەدا "شەقامی دوکتۆر قاسملوو" دەرفەت و دەرەتانێکی لەبار و ئەمرۆییە، بۆ ئەوەی هاواری ئێمە لە دونیادا دەنگ بداتەوە و جارێکی دیکەش پرسی ماف و ئازادییە دێموکراتیکەکانمان بێکەوێتەوە رۆژەڤەوە، لەوە تێدەگەم کە ئەمە بە فیلمێک ناکرێ، بەڵام خۆ رێگایەکە و دەتوانێ لەم سەردەمەدا کەلێنێکی مەزن پڕ کاتەوە...
بێ گومان بۆ سەرخستنی ئەم هەوڵە، کەسانی وەکوو میرزائیان پێویستیان بە هاوکاری و پشتیوانی ئێمەیە.
ماوەتەوە بێژم، تاکوو ئێستا، فیلمی "شەقامی دوکتۆر قاسملوو" پاش بەشداریی کردنی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "گوتام ئێسکرین" لە ئۆکتۆبری ٢٠١٢دا، لە شاری نیۆیۆرک، لە لایەن بەرپرسی زانستگای هونەری سالفوردی بریتانیاوە رێزی لێنرا و هاوکات بۆ وەرگرتنی خەڵاتی "ئالومنا"ی ساڵی ٢٠١٣، کە تایبەتە بە دەرچوانی زانستگای هونەری سالفورد، لە بریتانیا، کاندید کرا.
پاش بڵاوبوونەوەی ئەو فیلمە، لە زانستگای سالفورد، دوکتۆر "مارتین هال"، بەرپرسی زانستگای سالفورد لە نامەیەکدا بە شێوەی فەرمی رێزی لە چالاکییەکانی فەتحی میرزاییان نووسەر و دەرهینەری فیلمی "شەقامی دوکتۆر قاسملوو" گرت.

Wednesday, May 28, 2014

عوسمان بایدەمێر داوا دەکات کۆنگرەی نەتەوەیی پێکبێت





رەحیم رەشیدی/ واشنگتن
عوسمان بایدەمیر سیاسەتوان و سەرۆکی پێشووی شارەوانی دیاربەکر، لەگەڵ ڕەوەندی کوردی لە ئەمریکا کۆبوەوە و وتارێکی سەبارەت بە پرسی کورد پێشکەش کرد. ناوبراو لە وتارەکەی دا، داوای کرد کوردەکان یەکیەتیی نێوانیان بپارێزن.
سیاسەتوانی کورد عوسمان بایدەمیر لە بڕگەیەکی دیکەی وتارەکەی دا سەبارەت بە پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەراست قسەی کرد و پێی وابوو کە بە بێ چارەسەر کردنی پرسی کورد ئاشتی و دێموکراسی لەو هەرێمەدا جێگیر نابێ
بایدەمیر لە نێو قسەکانی دا باسی لەوە کرد کە پرسی ئاشتی لە تورکیە بەرە و پێشچوە و هیوای وابوو کە ئەم رەوتە بەردەوام بێ و نەیشاردەوە کە سەفەری رێزدار مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیاربەکر، خەونی لە مێژینەی ئەوانی بۆ هەڵکردن ئاڵای کوردستان هێناوەتە دی و وتی کە بۆ ئەو خەونێک بوە کە ئاڵای کوردستان و تورکیا پێکەوە دابنێ. 
بایدەمیر پێی وابوو کە لە سەدەی بیست و یەک دا دەرفەتێکی زێرین لەبەر دەم کورد دایە و نابێ ئەم هەلە بە هۆی جیاوازیەکانەوە لە کیس بچێ و بە پێویستی زانی کە رێکخراوە سیاسییەکان کێشەی بچووک گەورە نەکەنەوە.
کۆرگێر لە درێژەی قسەکانی دا، سازدانی کۆنگرەی نەتەوەیی بە زەرووری زانی و لەم بارە داوای کرد کە مێدیای کوردی رۆڵی ئەرێنی بلەیزێ و بە زمانی ئاشتی قسە بکەن. بایدەمێر پێی وابوو کە کۆنگرە نەتەوەیی دەتوانێ لە پێشخستنی دۆزی کورددا دەورێکی گرینگ بگێرێت.
پێوسیتە بگوترێ ساڵی ٢٠١٢، ئەو کاتەی کە عوسمان بایدەمیر سەرۆکی شارەوانیپێ شاری دیاربەکر بو، هەنگاوی هاویشت بۆ نۆژەن کردنەوەی گەورەترین کەنیسەی ئەرمەنیەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەراست دا، کە لە دیاربەکر هەڵکەوتوە، هەر بۆیە کۆمەڵگای ئەرمەنییەکان لە ئەمریکا، بە مەبەستی رێزگرتن لەو هەنگاوەی بایدەمیر، ئەویان بانگهێشتی ئەمریکا کرد تاکوو خەڵات و سوپاسنامەی خۆیانی پێشکەش بکەن.
شیاوی باسە عوسمان بایدەمیر پاڕێزەر و چالاکی مافی مرۆڤ، یەکێک لە سیاسەتمەدارانی ناسراوی باکوری کوردستانە کە ساڵی ١٩٧١ لە دایک بوە و بۆ ماوەی ١٠ ساڵ، لەسەر لیستی پارتی ئاشتی و دێموکراستی بەدەپە، سەرۆکی شارەوانی شاری دیاربەکر، گەورترین شاری باکوری کوردستان بوە. ناوبراو خۆشی خەڵکی ئەو شاریە و لە نێو کوردەکان دا بە کەسایەتییەکی نەتەوەیی دێتە ئەژمار.

Sunday, May 25, 2014

سوپاسنامەیەک سەبارەت بە پێشخستنی مەسەلەی کورد



سوپاسنامەیەک سەبارەت بە پێشخستنی مەسەلەی کورد


رەحیم رەشیدی
لە لایەن رێکخراوی مافی مرۆڤی کورد لە ئەمریکا، کە ناوەندێکی فەرمیە و ماوەی پتر لە بیست ساڵە لەگەڵ کۆنگرێس، ئەنجوومەنی پیران و وەزارەتی دەرەوە و دەوڵەتی ئەمریکا بە گشتیی تیکۆشانی چڕوپڕی هەیە، لە نامەیەکی فەرمیی دا سوپاسگوزاریم لێکراوە بۆ ئەوەی هەوڵم داوە کە لە رێگای کارەکەمەوە پرسی کورد پێشبکەوێت...

سوپاسی بێ کۆتایی بۆ ئەو رێکخراوە چالاکە...

Thursday, May 22, 2014

نامرێ "پیاوی حەوت هونەر" وەرگری خەڵاتی ماملێ










رەحیم رەشیدی/ واشنگتن
لە چەند رۆژی رابردوودا جەماوەرێکی مەزنی کوردستانی بە گشتیی و خەڵکی ئازیزی سنە بە تایبەتی، لە بناری هەمیشە شانازی خولقێنی چیای ئاویەر کۆبوونەوە، تاکوو دەنگ و ویستیان ئاوێتەی چریکەی هونەرمەند عادل هەورامی و هاواری پەیڤەکانی شاعێری هێژا جەلال مەلەکشا بکەن.
ئەوان ویستان بەم چەشنە لە ژێر ئاسمانی تار و لێڵی وڵات دا، ئەگەر بۆ چرکە ساتێکیش بێ چیژ وەرگرن و بەم جۆرە پەیامی خۆیان لەگەڵ هونەر و جوانی و ژیان ویستی، دووپات کردوە، ئەوان چەنگیان لە تیشکی زێرینی هەتاو گیر کرد تاکوو گەرمی ژیان بژێنەوە و بەم چەشنە سەرما و تاریکیان توڕ دا.
ئەمەش رووداوێکی گەورە بوو، چوونکە ئەو راستییەی سەلماندەوە کە داپلۆسین و زەبروزەنگ، یان هەوڵدانی بێ بڕانەوە بۆ زاڵکردنی کولتووری ڕەشپۆشی و شین و شەپۆر، هەر چەندە لەو هەرێمە بێ نازەدا روخساری ژیانی خەوشدار کردبێ، لێ مەیلی ژیان ویستی و دەرفەت سازی بۆ شادی خولقێنی، هێزێکی نەبڕاوەی خەڵکی کوردستانە بۆ گەیشتن بە ژیانێکی تەژی لە رێز و سارێژ لە کەرامەتی ئینسانی...
ئەگەرچی هێشتا چریکە و نزای پەیڤەکانی عادڵ و جەلال لە نێو جوانییەکانی ئاویەری سەربەرزدا دەنگیان دەدایەوە؛ کە سەد هێندە سنەیان جوان و ڕازوەتر کردبوو، هێشتا بزەی لاوانی دڵ پڕ لە ئەوینی کورسان لەسەر لێوانیان نەسرابوەوە کە هەواڵی کۆچی دوایی هونەرمەندی مەزن عەباس کەمەندی هەموانی تاساند.
هێشتا ئەم گەلە ماتەمەبار و هەناسە ساردە، لە نێو باگژی هات و نەهات دا، لە نێو تاڵاوی ژیان لە ژێر نیری زۆرداری دا بوو کە عەباس کەمەندی بەردەوام بە دەنگە رەسەن و هەست بزوێنەکەی ئاوپڕژێنی دڵە زامدارەکانی دەکردن و نەیدەهێشت گوڵی هیوایان بژاکێ!
عەباس کەمەندی ئەو هونەرمەندە رۆح سووکەی کە لە گشت سووچ و کەلەبەرێکی ئەم دونیا دا بەو دەنگە حەزینەیەوە، سوکنایی پێدەبەخشین. ئەو بە هۆی ئۆگری لە ڕادەبەدەری بە کارەکەی و تێکەڵ کردنی هونەرەکەی بە زانستی سەردەم و نوێبوونەوەی بەردەوام لە بیر و هزردا، ببوە هونەرمەندی هەموو چینەکانی کۆمەڵگا و پەناگای حەوانەوەی رۆحی ئۆقرە نەگرتووی گشتمان بو.
تایبەتمەندی بەرزی ئینسانی و فرە رەهەندی لە کار و ڕەنگاڵەیی لە بەرهەمەکانی دا، مامۆستا کەمەندی کردبوە قوتابخانەیەکی گەورە کە  بەری رەنج و خەباتی هونەری ئابڕوومەندانەی بوو کە ئەوی بە ڕەوایی کردبوە "پیاوی حەوت هونەر".
گومانی تێدا نیە کە خزمەتە بەرچاوەکانی مامۆستا کەمەندی بە زمان، هونەر، ئەدەب و وێژەی کوردی ئەوی بە تەواو مانا کردبوە هونەرمەندێکی نەتەوەیی کە هەموو ئازادیخواز و کوردپەروەرێک بۆ هەتا هەتایە شانازی پێوە دەکات.
بەراستی مرۆڤێک بوو له‌ په‌ڕه‌ی گوڵ ناسک تر و دەنگە حەزین و دڵنیشینەکەی هاوچەشنی ئاوی رووناک و پاقژی کانیاوەکانی بنارانی وڵاتەکەم هەر گاڤ بۆ ئەوە دەشێ کە لە پەنای بحەسێینەوە و ئارەقەی سەر تەوێڵمان بسرینەوە و هێور بینەوە و قوم قوم بە حەزەوە لێی بنۆشین.
مامۆستا کەمەندی ئه‌ستێره‌یه‌کی درەوشاوەی دونیای هونەر و جوانی بوو کە هەرگیز یادوەری لە دڵ و هەناومان دا نابڕێتەوە و کانیاوی هونەرەکەی هێندە بەرین و بە تینە کە هەر دەم ئێمە چۆر چۆر بە لەپی دەست دەیرژێنینەوە نێو گوڵزری رۆحمانەوە و بەم چەشنە ئاسانتر لە ئاست ژاکانی گوڵی هیوامان دا دەوام دێنین و تێپەڕ بوونی زەمان هیوابڕاومان ناکات کە دەمێکی دیکە با دووریش بێ، لێ دەکرێ نیگایەک هەر دڵمان بخاتە لەرزینەوە!
نا نا، ستران هەرگیز کۆچ ناکات، دەنگ نامرێ، چریکەیەک کە هۆنراوە بەرزەکانی شێخ رەزا، مەحوی، مەولانا، مەولوی، نالی و وەفایی... لە قورگی دا پەنگی خواردبێتەوە و لە دەمارەکانی بە میلیۆنان مرۆڤی ئەوینداری جوانی و ژیان و سەوداسەری رێگای ئازادی خزیبێت، ئیدی کوا ئاسانە باوەڕ بە مەرگی بهێنین؟.
دەنگێک کە ئاوەنگی سەر گوڵی دڵی خەمباری کێژانی بێ ناز و نوزەی لاوانی مەملەکەتێک بوو کە شەمشەممە کوێرەکان لە مێژە هەوڵدەدەن گوڵزاری جوانی و ئەوینی تێدا ویشک بکەن و کولتووری مردوو پەرەستی و تاریک پۆشی تێدا جێگیر بکەن، لێ بەرهەمی خەباتی کەمەندی و کەمەندییەکان بۆتە قوتابخانەیک کە بۆ هەموو سەردەمەکان قەڵای پۆڵاینی داکۆکی لە جوانی و ژیان ویستی لە وڵاتی کوردستان مەڵبەندی و ژینگەی کوردانە و هیچ تاریکپەرەستێک ناتوانێ خولیای ئازادی و جوان پەرەستی لە رۆحمان دا بسرێتەوە.
گەلۆ! بەهاری ئازادی هەر دەگاتێ، ئەودەم ئێمەش قاقای پێکەنینمان تێکەڵ بە گوڵزاری هەمیشە رازاوەی نیستمانی خۆشەوسیت دەکەین و بە وەفاوە لەسەر مەزاری ئەو نەمرانە چەپکە گوڵی رەنگاڵە دادەنێین و دەست لە نێو دەست ڕەشبەڵەکی سەرکەوتن دەگێرین و وێکڕا سرودی ژیان ویستی و نەمری دەڵێینەوە. بێ گومان ئاوا رۆحی ماندووی ئەوانیش لە ژێر خاکی بە زنوێری وڵات دا ئۆقرە دەگرێ!
کورتەیەک لەسەر هونەرمەندی میللی عەباس کەمەندی:
عەباس کەمەندی نزیک بە ٤٠ ساڵ بە بەردەوامی کاری سترانبێژی، بێژەری، دووبلاژ، وەرگێران، شعێر، دەرهێنەری شانۆ، ئاماەكاری بەرنامە، نیگارکێشی، ئەكتەری، شانۆنامە و چیرۆک نووسینی کردوە.
عەباس کەمەندی زیاتر لە ١٥٠ گۆرانیی خوێندوە، هەروەها ٦٠ گۆرانیشی ساز کردوە.
هونەرمەند هەروەها کاری کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوە بۆ ژیاننامەی کەسایەتییە ناودارەکانی کورد کردوە و بە دروستکردنی فیلمی ژیاننامەی ئەو کەسایەتییانە وەکوو سەنجەر خان، سەید عەتا کەل، ژیانی پاڵەوان حوسێن گولزار کرماشانی، بە تاڵان بردنی ئاسەوارەکانی زیویە، میری نەورۆزی و... سیمایەکی دیکە بە مێژووی چیرۆکنووسیی کورد بەخشیوە.
ئەسب، سەوەتەیەک ئاڵف، فڕین لە قەفەسدا، میراتی مامە رحیم، ئەندامی نویی ئۆپێک، شەڕی رۆمادییە، کۆڵانی سوور، کاروانسەرا، پارێزەری یەکەم، قەڵەم و شەیتان و پاڵەوان پەمە، ناوی ئەو فیلمنامانەیە کە لە لایەن مامۆستا عەباس کەمەندی نووسراون.
بەشێک لە بەرهەمەکان:
١. ئاڵبۆمی گەلاوێژ
٢. ئاڵبۆمی ھەورامان
٣. ئاڵبۆمی پرشەنگ
٤. ئاڵبۆمی کیژی کورد
٥. نووسینی ئه‌ده‌بیات و فۆلكلۆری كوردستان كه‌ ٦ هه‌زار لاپه‌ره‌یه‌ و له‌ كتێبخانه‌ی فه‌رهه‌نگی له‌ شاری تاران پێتەختی وڵاتی ئیران پارێزراوه‌.
٦. نووسینی ٤ رۆمان
٧. نووسینی ٣٠ فیلمی درێژ و كورت
٨. نووسینی ٢ كتێبی شیعری به‌ فارسی و كوردی
٩. كێشانی نزیكه‌ی ١٠٠ تابلۆ
١٠. خاوه‌نی ٦٠ گۆرانیه‌
١١. سازدانی چه‌ندین فیلم به‌ شێوه‌ی زینجیره‌ به‌رنامه‌
١٢. دیوانی شێعری کوردی و فارسی
١٣. کۆکردنەوەی شێعرەکانی دیوانی میرزا شەفیع
١٤. وەرزشی کەونارایی و پاڵەوانانی کورد
١٥. ژیاننامەی سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی
١٦. کردنەوەی رەمزی دەرکەوتە فەرهەنگییەکان
١٧. کۆکردنەوەی شێعرە هیجاییەکانی پێش سەردەمی ئیسلام
خەڵاتەکان:
ئەو هونەرمەندە کوردە، لە لایەن ئەنجومەنی رێزگرتن لە ناودارانی کوردەوە رێزی لێگیرا و هەروەها ساڵی ٢٠١١ و لە سێزدەیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند محەمەدی ماملێ‌ دا، لە لایەن مەڵبەندی هونەریی ماملێ‌، لە شاری هەولێر پێتەختی هەرێمی کوردستان، خەڵاتی ئەو مەڵبەنەدەی پێ بەخشرا، کە بە هۆی نەخۆشییەوە کەمەندی نەیتوانی بەشداری رێوڕەسمەکە بێت.
مامۆستا کەمەندی چەند کتێب و ئاڵبۆمی ئامادەی چاپە، بەڵام بە داخەوە بەهۆی نەبوونی دەرفەت نەکرا چاپیان بدات.

عەباس كەمەندی ساڵی ١٣٣١ی هەتاوی، بەرانبەر بە ١٩٥٢ی زایینی، لە شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بە ژیان هەڵێناوە و لە رێکەوتی ١ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، بەرانبەر بە ٢٢ی مای ٢٠١٤، لە تەمەنی ٦٢ ساڵی دا، بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە لە زێدەکی خۆی، واتە سنە، کۆچی دوایی کرد.

Wednesday, May 21, 2014

زانکۆی وینترۆپ لە ئەمریکا بە فەرمیی ئاڵای کوردستانی هەڵکرد




رەحیم رەشیدی/ واشینگتۆن

بە هەوڵ و تێکۆشانی دانا موحەممەد غەریب کە یەکەمین قوتابی کوردە لە زانکۆی وێنترۆپ کە بڕاوانامەی پزیشکی وەرزشی لە پلەی ماستەردا بە دەست هێناوە، ئاڵای کوردستان لە پاڵ ئاڵای دەیان وڵاتی دیکەدا، هەڵبدرێت.
ماڵپەری ئەو زانکۆیە لە وتارێک دا باسی لەوە کردوە کە ئەو خوێندکارە کوردە داوای لە سەرۆکایەتی زانکۆی وێنترۆپ کردوە کە ئاڵای کوردستان وەکوو ئاڵای وڵاتانی دیکە لە زانکۆکەدا دابندرێ.
لە سەرەتادا بەرێوەبەرایەتی زانکۆ سەبارەت بە جێبەجێکردنی داواکەی دانا موحەممەد غەریب رەزامەندی نیشان نەداوە. 
بەڵام دواتر بە هەوڵ و پشتیوانی سەرۆکی زانکۆ دوکتۆر جیمی کۆمستۆک ویلیامسۆن و پێداگری ئەو خوێندکارە کوردە، داواکە جێبەجێ کراوە و سەرئەنجام ئاڵای کوردستان وێرای ئاڵای دەیان وڵاتی دیکە بە شێوەیەکی فەرمیی و بۆ هەمیشە لەو زانکۆیە داندراوە.
لەم بارەوە دانا موحەممەد غەریب لە لێدوانێکی تایبەتی دا ئاشکرای کرد، لەبەر ئەوەی ناوبراو لەسەر بورسیەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ خوێندن هاتۆتە ئەمریکا، بەرپرسانی زانکۆکە داوایان لێکردوە کە ئەوان ئامادەن ئاڵای عێراق بە بێ هیچ گرفتێک هەڵبدەن، بەڵام دانا داوای کردوە کە بە جێگای ئاڵای عێراق ئاڵای کوردستان لەو زانکۆیە دابندرێ و لە کۆتایی دا و پاش هەوڵێکی زۆر داواکەی جێبەجێ کراوە. دانا شانازی بەم هەنگاوەیەوە دەکات و بڕیاریشە لە داهاتویەکی نزیک دا بگەرێتەوە زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر لە بەر لە هاتنی بۆ ئەمریکا لەو زانکۆیە وەکوو مامۆستای یاریدەدەر کاری کردوە
پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە یەکەمین جار ساڵی ٢٠٠٧ی زایینی، لەسەر دەستی ئەحمەد بارزانی لە زانستگای جۆرج مەیسێن لە واشنگتن، ئاڵای کوردستان بەرز کرایەوە، بەڵام دواتر بە هۆی نارەزایەتی ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان لە نێودا دابەش کراوە، رێگە بە دووپات بوونەوەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەو زانکۆیە نەدرا.
شیاوی ئاماژیە، زانکۆی وێنترۆپ لە ولایەتی کارلۆلینای باکور یەکێک لە کۆنترین زانکۆکانی ئەمریکایە و ساڵی ١٨٨٦ی زایینی دامەزراوە و وەکوو زانستگایەکی فرەنەتەوەیی چاوی لێدەکری بە هۆی ئەوەی کە قوتابی و خوێندکاری بەشێکی بەرچاو لە وڵاتانی جیهانی لە خۆ گرتوە.

باڵوێز رۆبه‌رت فۆرد باسی شەری نێوخۆیی سوریە دەکات

Monday, May 19, 2014

لە ئەمریکا کوردەکان وێرای ٥٠ نەتەوەی دیکە بەشداری فێستیڤاڵی نەتەوەکان بوون




 رەحیم رەشیدی/ واسنگتن
لە ئەمریکا کوردەکان لەگەڵ ٥٠ نەتەوەی دیکە بەشداری فێستیواڵی نەتەوەکانیان کرد و کۆمەڵێک چالاکیان بەرێوە برد
ئەو فێستیوالە ساڵانە بۆ ئەو نەتەوانە رێکدەخرێ کە لە ولایەتی تێنێسی دەژین و دەرفەتێکە تاکوو ئەوان لەو رێگاوە کولتوورو کەلەپوری خۆیان پتر بناسێنن و ئەوە ماوەی چەند ساڵە کە کوردەکان بە  شێوەی چالاک وەکوو نەتەوەیەکی سەربەخۆ بەشداری فێستیواڵی نەتەوەکان دەکەن.
وەرێخەرانی ژووری کوردستان کە ئەندامی ئەنجوومەنی کوردەکانی شاری نەشڤیلن وتیان کە ئەوان بە مەبەستی ناساندنی نەتەوەی کورد بە نەتەوەکانی  دیکە، ساڵانە بەشداری ئەو فێستیواڵە دەبن و هەوڵ دەدەن بە نیشاندانی کولتوور و کەلەپووری کوردستان کورد وەکوو نەتەوەیەکی کە خاکەکەی لە دەرەوەی ئیرادەو ویستی خۆی دابەش کراوە بە دونیا بناسێنن.
شیاوی باسە کە زۆرترین رێژەی کوردەکانی نێشتەجێی ئەمریکا لە ولایەتی تێنێسی و شاری نەشڤیل دەژین بە چەشنێک کە ئەم هەرێمە بە کوردستانی بچووکی ئەمریکا ناوی لێدەبرێ و ئەمساڵ کوردەکان وێرای پتر لە ٥٠ نەتەوەی دیکە بەشداری فێستیواڵی نەتەوەکان بوون

له‌ زانکۆیەکی ئەمریکا ئاڵای کوردستان بە فەرمیی هەڵدرا

مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی سەبارەت بە مامۆستا قالە مەڕەی شمشاڵ ژەن دەدوێت

Saturday, May 17, 2014

Homs in Sirya


Hiroshima after the bomb? Dresden after the firestorm? No, Homs today. The Syria that Assad is 
fighting for.

    ئێرە هێرۆشیمای پاش بۆمبی ئەتۆمە؟ درێسدەن لە پاش سێڵاوە؟ نا،  ئەمە وێنەی هەنوکەی شاری حەمسە لە سوریە کە رژیمی ئەسەد 
وێرانی کردوە 

هیروشیما بعد بمباران اتمی؟ درسدن پس از طوفان؟ نه، این حمص امروز در سوریە است، که رژیم اسد ویرانش کردە است

Sunday, May 11, 2014

رۆژی جیهانی دایک‌ و ئه‌رکه‌کانمان!


رەحیم رەشیدی
دووهه‌مین یه‌کشه‌ممه‌ی مانگی مای هه‌موو ساڵێک، رۆژی جیهانی دایکه‌. رێزگرتن له‌ دایک‌ و ده‌ربڕینی ئه‌مه‌گناسی به‌رانبه‌ر به‌ گه‌وره‌یی دایک، له‌ کۆمه‌ڵگا و وڵاته‌ جۆراوجۆره‌کاندا، له‌ کۆنه‌وه‌ به‌رێوه‌ چووه‌‌ و وه‌کوو نه‌ریتێک باو بووه‌.
ئه‌وه‌نده‌ی زانیارییه‌کان پێمان ده‌ڵێن، ئه‌م یاده‌ له‌ یۆنانی کۆندا له‌ نێوه‌ڕاستی مانگی مایدا، جێژنێکی گه‌وره‌ بۆ رێزلێنان له‌ خودای باروه‌ری، هه‌روه‌ها له‌ "رئا" دایکی "ژئوس"، خوای خوداکان پێکهاتووه‌.
له‌ وڵاتی بریتانیا، یه‌که‌مین جێژنی رۆژی دایک، یان یه‌کشه‌ممه‌ی دایک، (Mothering Sunday)، بۆ رێزگرتن له‌ که‌نیسه‌ وه‌کوو دایکی دین، له‌ لایه‌ن شا هنری سێهه‌م له‌ ساله‌کانی ١٢١٦_ ١٢٣٩ی میلادی، به‌رێوه‌ چووه‌. ناوبراو سێهه‌مین یه‌کشه‌مه‌ی مانگی مارس، واته‌ کۆتایی وه‌رزی زستان‌ و سه‌ره‌تای وه‌رزی به‌هاری، بۆ ئه‌و جێژنه‌ دیاری کردوه‌. به‌رێوه‌ چوونی ئه‌م رێوره‌سمانه‌، تاکوو ده‌ورانی رێنسانس له‌ ئورووپا به‌رده‌وام بوه‌.
له‌م رۆژانه‌دا ته‌نانه‌ت کڵفه‌ت‌ و خزمه‌تکاره‌کان، نه‌ده‌چوونه‌ سه‌رکاره‌کانیان، ئه‌وان شیرینی تایبه‌تیان ساز ده‌کرد و سه‌ردانی دایکیانیان ده‌کرد، تاکوو به‌و چه‌شنه‌ رێز له‌ کار و کوێره‌وه‌ری دایکه‌کانیان بگرن.
له‌و سه‌روبه‌نده‌دا، له‌ تورینگینی ئاڵمانیش یه‌کشه‌ممه‌ی دایک به‌رێوه‌ چوه‌، منداڵه‌کان به‌ ساز کردنی شیرینی‌ و چێشتی خۆش، میوانداری دایک‌ و بابیان ده‌کرد‌ و رێز و ئه‌مه‌گناسی خۆیان بۆ دایک نیشان داوه‌.
له‌ نێوچه‌ی شامپانی وڵاتی فه‌ڕانسه‌، هه‌روه‌ها والونین له‌ بەلژیک، رێوڕه‌سمی هاوچه‌شن به‌رێوه‌ ده‌چوون.
زانیارییه‌کان باس له‌وه‌ ده‌که‌ن، پاش ساڵی ١٦٤٤ی میلادی، ئه‌م جۆره‌ رێوره‌سمانه‌ به‌ بێ ده‌ستتێوه‌ردانی که‌نیسه‌، به‌رێوه‌ ده‌چوون‌، خزم‌ و که‌سوکار له‌ ده‌وری یه‌کتر کۆده‌بونه‌وه‌‌ و دایکان رێزیان لێنراوه‌.

کورته‌یه‌ک له‌ مێژووی رۆژی جیهانی دایک:
بۆ یه‌که‌مین جار، خاتوو جولیا وارد هووه‌ (Julia Ward Howe)، ١٨١٩_ ١٩١٠)، شاعیر، نووسه‌ر و یاسا ناسی ئه‌مریکایی، که‌ شه‌ڕه‌ نێوخۆییه‌کانی ئامریکا، هه‌روه‌ها شه‌ڕی ئاڵمان‌ و فه‌ڕانسه‌ شوێنی خراپی له‌سه‌ر دانابوو، پێشنیاری کرد، رۆژێک وه‌کوو ڕۆژی دایک دیاری بکرێ. خاتوو جولیا وه‌کوو خه‌باتگێرێکی ئاشتیخواز حه‌ولی ده‌دا، ژنان وه‌کوو قوربانیانی سه‌ره‌کی شه‌ڕ، ڕۆڵێکی مه‌زن بۆ به‌دیهێنانی ئاشتی‌ و سه‌قامگیری ئاشتی بگێرن. له‌م رۆژه‌دا زۆرتر دایکی ئه‌و سه‌ربازه‌ کوژراوانه‌ له‌ ده‌وری یه‌کتر کۆده‌بوونه‌وه‌ که‌ له‌ شه‌ڕی نێوخۆیی ئامریکادا گیانیان له‌ ده‌ست دابوو.
پاش ناوبراو، خاتوو ئاننا جارویس (Anna Jarvis)، له‌ ساڵی ١٨٧٢، له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌مان بیرۆکه‌ی خاتوو جولیا، له‌ دووهه‌مین یه‌کشه‌ممه‌ی مانگی مای ساڵی ١٩٠٨ی زایینی، به‌ ئامانجی رێز لێنان له‌ ڕۆلی دایکی، له‌ ژیانی ناوبراودا، له‌ رێوڕه‌سمێکی ئایینی‌دا، ئه‌و ڕۆژه‌ی جێژن گرت. ئه‌و ژنه‌ پاش رێوره‌سمه‌که‌ کارێکی به‌ربڵاوی ته‌بلیغی به‌رێخست‌.
ئاننا جارویسی دایک، له‌ نێوان ساڵه‌کانی (١٨٣٢_١٩٠٥)، وه‌کوو ژنێکی زه‌حمه‌تکێشی کابان‌، هه‌روه‌ها هه‌ڵسووڕی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی حه‌وڵیکی زۆری له‌ خۆی نیشان‌دا تاکوو لایه‌نی پاک‌ و خاوێنی‌ و بێهداشت بۆ رزگار کردنی منداڵان له‌ مردن په‌ره‌ پێبدات.
ئاننا جارویس، بۆ خۆی ١١ منداڵی به‌ دونیا هێنابوو که‌ ته‌نیا ٤ دانه‌یان له‌ ژیان‌دا مان. ناوبراو به‌ وتاردان‌ و رێکخستنی ئافرەتان به‌ مه‌به‌ستی پێشکه‌وتن له‌ بارودۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی‌دا، چالاکی خۆی له‌م بواره‌دا به‌ شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاوتر ده‌ست پێکرد.
ئه‌و له‌ سالی ١٨٥٨دا، "رۆژی کاری دایکان"ی دامه‌زراند و به‌ رێخستنی ژنان خه‌باتی کرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌مووان بیرۆکه‌ی کاری به‌ کۆمه‌ڵ گه‌شه‌ پێبده‌ن‌ و به‌ به‌ره‌وژوور بردنی زانیارییه‌کانی خۆیان، ژیانی منداڵان له‌ نه‌خۆشی‌ و مه‌رگ له‌وسه‌رده‌مه‌دا، رزگار بکه‌ن.
کارێکی دیکه‌ی ئه‌و ژنه‌ خه‌باتگێڕه‌، ئه‌وه‌ بوو، پاش کۆتایی شه‌ڕه‌ نێوخۆییه‌کانی ئامریکا، هه‌وڵی ده‌دا به‌ کۆ کردنه‌وه‌ی دایکان له‌ ده‌وری یه‌کتر، وێرای به‌هێز کردنی هاودڵی‌ و هاوپێوه‌ندی له‌ نێو وان‌دا، تێده‌کۆشا به‌م چه‌شنه‌، دۆستایه‌تی‌ و خۆشه‌ویستی له‌ نێوان سه‌ربازه‌کانیش په‌ره‌ پێبدات، تاکوو به‌م جۆره‌ ئاشتی نه‌ته‌وه‌یی هه‌رچی زۆرتر به‌هێز بێت‌ و په‌ره‌ بستێنێ.
ڕۆژی ٩ی مانگی مای ساڵی ١٩٠٥، ئاننا جارویس مالئاوایی له‌ ژیان کرد‌ و کچی ناوبراو که‌ ئه‌ویش هه‌ر ناوی ئاننا بوو، خه‌باتی خۆی ده‌ستپێکرد.(١٨٦٨_١٩٤٨)، ناوبراو به‌ نووسینی نامه‌ بۆ یاسا دانه‌رانی ئامریکایی، داوای کرد، رۆژێک وه‌کوو ڕۆژی دایک دیاری بکرێ. ئاننا بۆ یه‌که‌مین جار رۆژی ١٠ مانگی مای ١٩٠٨، له‌و شاره‌ی که‌ دایکی رۆژانی یه‌کشه‌ممه‌ له‌ که‌نیسه‌ وانه‌ی ده‌وته‌وه‌، رۆژی دایکی له‌ رێوره‌سمێکدا رێز لێگرت. ئه‌مه‌ وای کرد، تاکوو ساڵی ١٩١٢، ٤٥ ویلایه‌تی ئامریکا، ئه‌م رۆژه‌یان وه‌کوو رۆژی دایک به‌ فه‌رمیی ‌ناسی.
کار گه‌یشته‌ جێگایه‌ک، ویلسۆن، سه‌رۆککۆماری ئه‌و کاتی ئامریکا، له‌ ساڵی ١٩١٤دا، رۆژی دایکی له‌ سه‌راسه‌ری ئامریکا، وه‌کوو ڕۆژی نه‌ته‌وه‌یی ڕاگه‌یاند.
ئه‌م ڕووداوه‌ بوه‌ هۆکارێکی گه‌وره‌ بۆ ئه‌وه‌ی ناردنی کارتی پیرۆزبایی‌ به‌ بۆنه‌ی رۆژی دایک، بره‌و په‌یدا بکات. له‌م نێوه‌دا گۆڵ فرۆشه‌کان، داهاتێکی زۆریان وه‌سه‌ریه‌ک ده‌نا‌؛ ئەوان له‌و سه‌روبه‌نده‌دا نرخی گوڵه‌کانیان زۆرتر ده‌کرد. ئه‌مه‌ وای له‌ خاتوو ئاننا جارویس کرد به‌ شێوه‌یه‌کی یاسایی دژی دیاری کردنی رۆژی دایک بوه‌ستێته‌وه‌. به‌ڵام سه‌رکه‌وتنێکی له‌م بواره‌دا وه‌ده‌ست نه‌هێنا.
ناوبراو بۆ به‌ربه‌ست کردنی به‌رێوه‌ نه‌چوونی رێوره‌سمه‌کانی رۆژی دایک‌، له‌م رۆژانه‌دا کارگه‌لێکی کردن که‌ به‌ هۆیانه‌وه‌ که‌وته‌ به‌ندیخانه‌. ئاننا ماوه‌یه‌کی کورت به‌ر له‌ مردنی له‌ ساڵی ١٩٤٨ی میلادی، به‌ هه‌واڵنێرانی وت: "بریا رۆژی دایکم پێکنه‌هێنابا".
له‌ راستی‌دا ئێستا له‌ وڵاتێکی وه‌کوو ئامریکا، شوێنه‌کانی ته‌له‌فوون کردن، رێستۆران‌ و گۆڵ فرۆشییه‌کان له‌ ڕۆژی جیهانی دایک دا، به‌ هۆی فرۆشی زۆره‌وه‌، زۆرتریین داهات بۆ خۆیان ده‌ستبه‌ر ده‌که‌ن.
ڕۆژی دایک له‌ ساڵی ١٩٢٣دا له‌ وڵاتی ئاڵمان، جێژن گیرا‌. ته‌نانه‌ت له‌ ساڵی ١٩٣٣دا، نازییه‌کان‌، رۆژی جیهانی دایکیان وه‌کوو پشووی گشتیی ڕاگه‌یاند.
پاش شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی، رێوره‌سمه‌کانی رۆژی دایک له‌ سه‌راسه‌ری ئورووپا به‌رێوه‌ چوو. له‌م ڕۆژه‌دا به‌ پێشکەش کردنی گوڵ‌ و دیاری تایبه‌ت رێز له‌ دایکه‌کان ده‌نرا. ئێستا رۆژی جیهانی دایک، له‌ به‌شێک له‌ وڵاتانی ئورووپایی، له‌ ئوستوڕاڵیا و ئامریکا رێزی لێده‌گیردرێ.
به‌ له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌و راستییه‌ که‌ کۆمه‌ڵگای کوردستان، بە درێژای مێژوو، له‌ لایه‌ن هێزه‌ دژبه‌ره‌کانی ئازادی‌ و مرۆڤ دۆستییه‌وه‌، ساڵانێکی دوور و درێژه‌ شه‌ڕی به‌سه‌ردا سه‌پاوه‌‌، سیاسه‌تی کوشتن‌ و بڕیین به‌ پانه‌وه‌ له‌ دژی هه‌موو زینده‌وه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵی کوردستان به‌رێوه‌ ده‌چێ، دایکان له‌م به‌ستێنه‌دا زۆر زیانیان پێگه‌یوه‌وه‌و پێده‌گات.
ڕۆڵه‌کانیان ئێعدام‌ و زیندانی ده‌کرێن، مێرده‌کانیان شه‌هید ده‌بن، سه‌ڕه‌رای هه‌موو ئه‌مانه‌، به‌شێکیان ڕاسته‌وخۆ له‌ خه‌بات‌ و ژیانی پێشمه‌رگانه‌دا به‌شدار بوون‌ و به‌شدار ده‌بن‌ و کۆڵیان نه‌داوه‌...
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م سه‌ختیانه‌، دایکانی کورد هه‌رگیز ڕۆڵی دایکایاتی خۆیان، که‌ بریتییه‌ له‌ سۆز، مێهره‌بانی، خۆشه‌ویستی‌ بنه‌ماڵه‌‌ و وڵات، هه‌ست کردن به‌ به‌رپرسایه‌تی له‌ ئاست چاره‌نووسی جگه‌ر گۆشه‌کانیان‌ و تێکۆشان بۆ مسۆگه‌ر کردنی داهاتوویه‌کی ڕووناک بۆیان، غافڵ نه‌بوون‌ و نابن. کەوایە دایکان مافی بێئه‌ملاولای خۆیانه‌ جیا له هه‌موو‌ ڕۆژه‌کانی دیکه‌، ئه‌بێ له‌ رۆژی جیهانی دایک دا رێزی تایبه‌تییان لێبگیرێ‌‌ و فیداکاری‌ و خه‌باتیان نرخی بۆ دابندرێ.
ئه‌م رێزلێنانه‌ له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ ده‌کرێ شیاوی ئاوڕلێدانه‌وه‌ بێ، کۆمه‌ڵی کورده‌واری به‌ هۆی سیاسه‌تی زاڵی داگیرکه‌ران‌، زاڵکردنی قه‌یدوبه‌ندی کۆنه‌په‌رستانه‌و  ناسه‌رده‌میانه‌، جیا له‌وه‌ی به‌رده‌وام هه‌وڵیان داوه‌ ژنان له‌ بازنه‌ی تێکۆشانی سیاسیی‌ و کۆمه‌ڵایه‌تی دوور خه‌نه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ تا ڕاده‌یه‌ک له‌ نێو ئێمه‌و مه‌مانیشدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌، ئەوەتا له‌ هه‌ندێک نێوچه‌ و ده‌ڤه‌ری جیا جیا به‌ خه‌ستوخۆڵی هه‌ستی پێده‌کرێ.
ئه‌م دیارده‌‌ بۆ خه‌ڵکی کورد به‌ گشتیی، خه‌باتگێرانی رێگای ئازادی به‌ تایبه‌تی، که‌ ساڵانێکی دوور و درێژ دژی نیزامی نابه‌رانبه‌ر و چه‌وسێنه‌ر تێکۆشاون‌‌ و تێده‌کۆشن، بۆ به‌دیهێنانی ئازادی‌ و دێموکراسی فیداکاریان کردوه‌ و له‌م رێره‌وه‌دا کوێره‌وه‌ری زۆریان دیوه‌، شایان نیه‌ ئیزن بده‌ن‌ دایکان‌ و ژنانی کوردستان به‌ هیچ بیانوویه‌ک زوڵمیان لێبکرێ‌ و مافی ڕه‌وایان به‌ بیانوگه‌لی پیاومه‌زنانه‌‌ و کۆنه‌په‌رستانه‌ پێشێل بکرێ.
ژنان‌ و دایکانی هێژای کوردستان، سه‌ره‌ڕای هه‌موو جیاوازییه‌کانیان، ئه‌بێ به‌ یه‌کگرتوویی‌ و هێزێکی زۆره‌وه‌ له‌ مه‌یداندا بن‌؛ له‌وه‌ش دڵنیا بن‌ تاکوو هێز نه‌بن‌ و وزه‌کانیان وه‌سه‌ر یه‌ک نه‌خه‌ن، ناتوانن وه‌کوو پێویست به‌ ره‌وڕووی داب‌ونه‌ریته‌ پاشکه‌وتووه‌کانی کۆمه‌ڵگا ببنه‌وه‌.ئه‌و داب‌ونه‌ریتانه‌ی، له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێکدا، له‌ به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی کولتووری پیاوسالاری‌ و هێژموونی پیاودا، له‌ کۆمه‌ڵ‌ و خێزان‌دا ده‌ور دبینێ‌‌، به‌داخه‌وه‌ زۆرجار ئافرەتان بۆ خۆیان بواری بۆ ده‌رخسێنن و له‌ ئاست نابه‌رانبه‌ری‌ و ماف پێشێلکاریان دا، وه‌کوو پێویست ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیی هه‌ڵنابڕن‌.
له‌ ڕاستی‌دا، ژنان به‌و بێده‌نگییه‌ له‌ ئاست پێشێلکارییه‌کانی مافەکانی خۆیان دا، جیا له‌ پێشلکردنی مافه‌کانیان، سته‌مێکیش له‌ ته‌واویه‌تی ئه‌و خه‌باته‌ ده‌که‌ن‌؛ کە له‌ پانتایی کۆمه‌ڵگادا له‌ لایه‌ن هه‌موو یه‌کسانی خوازانەوە بۆ ئازادی‌، دێموکراسی‌‌ و پێکهێنانی کۆمه‌ڵیکی یه‌کسان‌ و به‌رانبه‌ر له‌ ئارادایه‌...

Tuesday, May 6, 2014

۲۰ سال در زندان هستم؛ مثل اصحاب کهف شدم

عکس:  زندانی سیاسی کرد محمد نظری

«مثل اين است که شما از يکی از اصحاب کهف که ازغار بيرون آمده در مورد ماشين بپرسيد. من حتی موبايل هم نديده بودم و تمام دانسته‌های من از اينترنت فقط چيزهايی است که از ديگران شنيده‌ام. اولين بار اسم اينترنت را از يک مهندس در داخل زندان شنيدم.»
اين پاسخ «محمد نظری»، زندانی سياسی محبوس در بند ۴ سالن ۱۲ «رجايی شهر» کرج است به سوالی در مورد آشنايی اش با دنيای اينترنت و شبکه‌های اجتماعی ، او نزديک به ۲۰ سال پايش را از زندان بيرون نگذاشته است.
او نامه‌های متعددی به «محمد يزدی»، «هاشمی شاهرودی» و «صادق لاريجانی»، سه رييس قوه قضاييه ايران در طول ۲۰ سال دوران حبس نوشت و خواهان اعاده دادرسی شد اما هيچ پاسخی نگرفت.
نظری که در خرداد ۱۳۷۳ به اتهام هواداری از حزب دمکرات کردستان ایران دستگیر شده، می‌گوید اعترافاتی که بر اساس آن‌ها محکوم شده، همگی تحت فشار بوده و او بارها این اعتراف‌ها و اتهام‌ها را رد کرده است.
وی به تازگی در نامه‌ای به رئیس قوه قضاییه درخواست کرده است تا پرونده‌اش یک بار توسط کارشناسان بازبینی شود. 
متن نامه محمد نظری به رئیس قوه قضاییه به شرح زیر است:

نامه‌ای به رئیس قوه قضاییه
امروزه با توجه به اینکه روسای قوه قضاییه بار‌ها اعلام کرده‌اند که این قوه مستقل می‌باشد و تحت فشار هیچ ارگان و یا حزبی قرار نمی‌گیرد ولی متاسفانه مسئولین آن دچار نوعی عمل پارادوکس هستند و عملا نشان داده‌اند که درباره محکومان سیاسی هیچ‌گونه استقلال عملی ندارند و به توصیه بازجویان و بدون هیچ گونه تحقیق و تنها به استناد به اعترافات محکوم که معلوم نیست تحت چه شرایطی مجبور به اعتراف شده حکم صادر می‌کنند. 
اینجانب محمد نظری که در سال ۷۳ به اتهام هواداری از حزب دمکرات کردستان ایران دستگیر شدم بدون اینکه هیچ گونه مدرک و یا شاهدی دال بر اینکه جهت ترور وارد ایران شده‌ام توسط قاضی جلیل‌زاده محکوم به اعدام شدم. 
آقای قاضی نه تنها اجازه استفاده از وکیل را برای اینجانب ندادند بلکه حتی با توجه به اینکه تمام اعترافاتم را رد کرده‌ام اما باز هم تنها به استناد اعترافم مرا محکوم کرد و الان مدت ۲۰ سال است که در زندان به سر می‌برم.
بنابراین از قوه قضاییه تقاضا دارم استقلال خود را عملا نشان داده و بدور از هر گونه اغماضی برای یک بار هم که شده پرونده اینجانب را توسط کار‌شناسان مورد مطالعه قرار دهند تا برایشان ثابت شود که تمامی اعترافات من واهی بوده و تنها تحت فشار بوده که چنین اعترافات وحشتناکی کرده‌ام. 
محمد نظری
زندان رجایی‌شهر

له‌ مه‌كسیك پرۆسه‌ى ئاشتى لە توركیا و گەشەی هه‌رێمی کوردستان شرۆڤه‌ کران

سیمینارێكى پێنج رۆژه‌ له‌باره‌ى دۆزى كورد له‌ زانكۆى ئێرۆمه‌كسیكان به‌رێوه‌چوو

Sunday, May 4, 2014

رۆژی جیهانی پێکه‌نین!



رەحیم رەشیدی

یه‌که‌م یه‌کشه‌ممه‌ی مانگی مای هه‌موو ساڵێک، رۆژی جیهانی پێکه‌نینه‌.
پێکه‌نین ئه‌و زمانه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌، ئه‌گه‌ر به‌ شێوازێکی دوروست‌ و له‌ جێگای خۆیدا که‌ڵکی لێوه‌رگیرێت، وێرای خولقاندنی شادی، بۆ ته‌ندورتستی‌ و له‌ش ساقی مرۆڤه‌کانیش به‌كه‌ڵکه‌.
له‌ راستیدا ئه‌مڕۆ زۆر یه‌ک له‌ پزیشکانی وڵاتانی پێسکه‌وتوو بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشه‌ییه‌ ده‌روونیه‌کان له‌ پێکه‌نین که‌ڵک وه‌رده‌گرن‌، له‌ کۆمه‌ڵگای خودا پێداودا، ئه‌و مرۆڤانه‌ی ده‌توانن به‌ هه‌ڵسووکه‌‌وت‌، کردار و قسه‌ی خۆش خه‌ڵک بخه‌نه‌ پێکه‌نین، رێز و حورمه‌تیان پارێزراوه‌ و زۆرینه‌ی خه‌ڵک وه‌کوو ئه‌کته‌ر و هونه‌رمه‌ندی مه‌زن حیسابیان بۆ ده‌که‌ن‌‌ و هونه‌ری بزه‌ خولقێنی ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌؛ ده‌ره‌تانی ژیان‌ و گوزه‌رانی خۆشیان بۆ پێکدێنێ‌ و ئه‌وان له‌ به‌روبوومی هونه‌ره‌که‌یان ده‌حه‌سێنه‌وه‌.
له‌ کۆمه‌ڵگا پاشکه‌وتوو نابه‌رانبه‌ره‌کاندا، ئه‌و جۆره‌ هونه‌رمه‌ندانه‌ ده‌که‌ونه‌ به‌ر لۆمه‌ و قسه‌ی سووک‌ و که‌سایه‌تیان ده‌شکێندرێ. هه‌ر بۆیه لای مه‌‌ که‌متر خه‌ڵک بیر له‌و جۆره‌ هونه‌رانه‌ ده‌کاته‌ که‌ پێکه‌نین خولقێنه‌. ئه‌مه‌ش دیارده‌یه‌کی خراپ‌ و جێگای داخه‌.
به‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی کورت‌ و سه‌رپێیی له به‌شێک له‌‌ په‌ند و قسه‌ نه‌ستقه‌کان، به‌و ئاکامه‌ ده‌گه‌ین، شادی ته‌نیا بۆ توێژێک که‌ڵکی هه‌یه‌ و باشه‌، بۆ توێژه‌که‌ی دیکه‌ خراپ‌ و زیانهێنه‌ره‌. له‌م باره‌وه‌ ئاماژه‌ به‌ په‌ندێکی پێشینیان ده‌توانێ زۆرتر ئه‌و ‌ڕاستییه‌مان بۆ بسه‌لمێنێت.
"ژنی شه‌رمن شارێک دێنێ، پیاوی شه‌رمن بزنێک دێنێ”. ئه‌م په‌نده‌ له‌ جه‌وهه‌ری خۆیدا، له‌ ڕوانگه‌یه‌کی پیاوسالارانه‌وه‌ بۆ پرسی شادی نێوان ژن‌ و پیاو ده‌ڕوانێ‌ و ئه‌یهه‌وێت به‌ ده‌م کووت کردنی ژنان شارێکی خه‌یاڵیان پێببه‌خشێ. به‌ گوێره‌ی ئه‌م په‌نده‌، ژنان ئه‌بێ شه‌رمێوون بن‌ و که‌س نابێ گوێی له‌ پێکه‌نین‌ و قاقای ئه‌وان بێ، نه‌کوو پێیان بوترێ، ڕووهه‌ڵماڵدراوو بێ حه‌یا و نانه‌جیب. به‌ گوێره‌ی لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م په‌نده‌، ئه‌گه‌ر ژنان له‌ حاند هه‌موو ناخۆشی‌ و نابه‌رابه‌ریه‌کدا بێده‌نگ بوون‌ و سه‌ریان داخست، ئیدی قورس‌ و سه‌نگینن‌، ڕه‌نگه‌ به‌م جۆره‌ باشتر لای پیاوان په‌سه‌ند بکرێن.
ژنان له‌م جۆره‌ کۆمه‌ڵگا و بنه‌ماڵانه‌دا، له‌ کاتی شادی‌ و خۆشی‌ و بیستنی قسه‌ی پێکه‌نین خولقێن، ده‌بێ سووچی له‌چکه‌کانیان له‌ زار بنێن، نه‌وه‌کوو ده‌نگیان هه‌ست‌ و هه‌وه‌سی پیاوان بجوڵینێ‌ و کۆمه‌ڵگا به‌م شێوه‌یه‌ تووشی گوناح‌ و دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی کۆمه‌لایه‌تی‌ و فه‌ساد بێت...
ئه‌مڕۆ جیا له‌م جۆره‌ ڕوانگانه‌، له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی سیستمی کۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ به‌سه‌ریدا زاڵه‌‌، هه‌موو پێوندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان‌ به‌ ڕوانگه‌یه‌کی داخرراوو ته‌سک بونیادنه‌راوه‌، ئیدی پرسی شادی‌ و پێکه‌نین پرسێکی قه‌ده‌غه‌یه‌ و هه‌ڵاواردن له‌ پێناوی پاداشه‌ دوره‌ ده‌سته‌کاندا، له‌ جه‌وهه‌ری خۆیدا بۆته‌ دیارده‌یه‌کی باوو له‌ پانتایی کۆمه‌ڵگادا ڕچاو ده‌کرێ. له‌م جۆره‌ کۆمه‌ڵگایانه‌دا ده‌سەلاتداران به‌ که‌یفی خۆیان کولتووری شادی‌ و بزه‌ قه‌ده‌غه‌ ده‌که‌ن‌ و وه‌کوو دیارده‌یه‌کی ناحه‌زی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌یقبڵێنن. له‌ حالێکدا ئه‌و کۆمه‌ڵگای پیکه‌نینی که‌متره‌، به‌خته‌وه‌ریشی که‌متره‌.
لێره‌دایه‌، پێکه‌نین ده‌توانێ وه‌کوو پرسی شادی‌ و خۆشی که‌ مافی بێئه‌ملاوو لای مرۆڤه‌کانه‌، رێگایه‌ک بێت بۆ ماف ویستی‌ و به‌ربه‌ره‌کانێ له‌ به‌رانبه‌ر دژبه‌رانی پێکه‌نین‌ و شادیدا. ئه‌وانه‌ی ده‌یان هه‌وێت له‌ جیهانی دیکه‌ شادی‌، بزه‌و حۆریمان بۆ ده‌سبه‌ر بێت.

کورته‌یه‌ک له‌ مێژووی رۆژی جیهانی پێکه‌نین:
ساڵی ١٩٩٥ دوکتورێکی هێندی به‌ ناوی "مادان کاتاریا"، پێوه‌ندی نێوان پێکه‌نین‌ و له‌ش ساقی مرۆڤی به‌بیردا هاتووه، دوای لێکۆڵینه‌وه‌ به‌و ئاکامه‌ گه‌یشت، پێکه‌نین له‌سه‌ر له‌شساغی مرۆڤ به‌گشتیی، له‌ بواری دروونناسیدا به‌ تایبه‌تی، ده‌ورێکی کاریگه‌ر ده‌گێڕێ.
له‌ هه‌مان کاتدا، دوکتۆر مادان کاتاریا، سه‌ری له‌وه‌ سووڕما بوو، زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ئه‌و شاره‌ی ناوبراو لێی ده‌ژی، بزه‌یان له‌سه‌ر لێوان نییه‌.
ئیدی، دوکتۆر مادان، کاتژمێر ٤ی سه‌رله‌به‌یانی رۆژی ١٣ی مانگی مارسی ١٩٩٥، بۆ یه‌که‌مین جار بیری له‌ پیکهێنانی رێکخراویکی تایبه‌ت به‌ پێکه‌نین کرده‌وه‌. سێ کاتژمێر دواتر له‌ مه‌یدانی شاردا سه‌باره‌ت به‌ ئاکامه‌کانی پێکه‌نین قسه‌ی بۆ خه‌ڵک کرد.
رۆژی یه‌که‌م، دوکتۆر مادان دوای ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكێکی زۆر قسه‌ی کرد، توانی ته‌نیا سه‌ره‌نجی چوار که‌س بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. ئه‌م چه‌ند که‌سه‌ له‌ شوێنێکی پارکی شار دانیشتن‌ و به‌ گێرانه‌وه‌ی قسه‌ی خۆش‌ و نوکته‌، پێده‌که‌نین.
پاش ئه‌مه‌، ئه‌م گروپه‌ هه‌موو رۆژێک ١٠ تا ١٥ خوله‌ک‌، له‌و پارکه‌دا کۆ ده‌بوونه‌وه‌ و پێده‌که‌نیین، به‌م چه‌شنه‌ راده‌ی خه‌ڵکه‌که‌ رۆژ به‌ رۆژ پتر ده‌بوو. به‌ تێپه‌ڕ بوونی دوو حه‌وتوو‌، بۆیان ده‌رکه‌وت ‌ نوکته‌ و قسه‌ خۆشه‌کان به‌ره‌ و ته‌واو بوون ده‌چن، ئیدی وته‌گه‌لی ناحه‌ز، ره‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌، نازیزستانه‌ و شتی له‌و چه‌شنه،‌ جێگای قسه‌ خۆشه‌کانی ده‌گرته‌وه‌. ئه‌مه‌ش هۆکارێک بوو پێکهێنانی ئالۆزی‌ و تووڕه‌ بوونی به‌شێک له‌ به‌شدارانی ئه‌و کۆبوونه‌وانه‌.
هه‌مووان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی درێژه‌ به‌کاره‌که‌یان بده‌ن هاوڕا و هاوده‌نگ بوون، بۆیه‌ ده‌با بیریان له‌ رێگا چاره‌یه‌ک کردبایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کاره‌که‌یان درێژه‌ بده‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی ناخۆشی بێته‌ ئاراوه‌.
باشترین ڕێگا بۆ ده‌رچوون له‌و بارودۆخه‌ ئه‌وه‌ بوو له‌ گرووپی گه‌وره‌تردا کۆ ببنه‌وه‌، ده‌یانزانی کاتێک خه‌ڵكه‌که‌ زۆرتر بێ، سه‌یری ناوچاوی یه‌کتری ده‌که‌ن، پێکه‌نین ده‌یانگرێ و به‌م شێوه‌یه‌ هه‌موو ده‌که‌ونه‌‌ پێکه‌نین.
ئه‌و جار خه‌ڵكه‌که‌‌ کۆ ده‌بوونه‌وه‌، ده‌سته‌کانیان به‌ره‌ و‌ ئاسمان به‌رز ده‌کرده‌وه‌، نه‌فه‌سێکی قوڵیان هه‌ڵده‌کێشا، هه‌ناسه‌کانیان له‌ سییه‌کانیاندا راده‌گرت، دوای تاوێک به‌ له‌سه‌ره‌خۆیی هه‌ناسه‌کانیان ده‌دا ده‌ره‌وه‌. ئینجا هه‌موو پێکه‌وه‌ ده‌ستیان ده‌کرد به‌: "هاهاها هی هی هی هووهوو"، ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌ی پێبکه‌نن، به‌ره‌ به‌ره‌ درێژه‌یان به‌م شیوازه‌دا. دۆکتۆر مادان ئه‌م رێبازه‌ی‌، له‌ یارییه‌کی “یۆگا" وه‌رگرتبوو.
دوکتۆر "مادان" له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌س‌ ده‌ستیان به‌ پێکه‌نین کرد، ئێستا زیاتر له‌ ٨٠هه‌زار که‌س هه‌موو به‌یانییه‌ک بۆ له‌ش ساغی خۆیان پێده‌که‌نن.
تاکوو ئێستا، ته‌نیا له‌ وڵاتی هێند، زیاتر له‌ ٨٠٠ رێکخراوی پێکه‌نین پێک هاتووه‌. له‌ ئامریکا پتر له‌ ٥٠ رێکخراوی هاوچه‌شن هه‌یه‌.
له‌ وڵاتانی ئامریکا و بریتانیا، به‌ش‌ و کلینیکی تایبه‌تی پێکه‌نین هه‌یه‌، به‌ڵام له‌و جۆره‌ شوێنانه‌دا ته‌نیا به‌ فیلمی کۆمێدی‌ و جۆکی خۆش‌ و کلاون (ده‌لوو) نه‌خۆشه‌کانیان چاره‌سه‌ر ده‌که‌ن.
راستیتان ده‌وێ، زۆر باس له‌وه‌ دەکه‌ن، پێکه‌نین بۆ له‌ش ساغی‌ و ته‌ندوروستی باشه‌‌ و غه‌م ڕه‌وێنه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ له‌ باری زانستییه‌وه‌ مسۆگه‌ر کراوه‌. به‌ڵام من بیر له‌م په‌نده‌ کوردییه‌ش ده‌که‌مه‌وه‌: " ئه‌وه‌ی ده‌گری ده‌ردێکی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی پێده‌که‌نێ هه‌زار ده‌ردی هه‌یه‌".
ئه‌گه‌ر هه‌زار ده‌ردیشمان هه‌بێت، ساته‌کانی پێکه‌نین ئه‌ونده‌ شیرین‌و شادی هێنه‌رن که‌ سه‌رجه‌م ده‌رده‌کان له‌ بیر ده‌به‌نه‌وه‌. که‌واته‌ پێبکه‌نه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر ئاوا گه‌نج‌ و به‌ که‌یف بیت.

تسلیت بە دوستانم در افغانستان



تسلیت بە دوستانم در افغانستان
متاسفانە مطلع شدم کە روز جمعه تاریخ ٢ مای ٢٠١٤، بر اثر رانش زمین در روستای "آب باریک" شهرستان "الگوی" ولایت بدخشان ٣٠٠ خانواده از یک روستای هزار خانواری زیر گل و لای مدفون شدەاند.
بر اساس گزارش ها، نزدیک بە ٣٠٠٠ نفر در این رویداد جان باختەاند، و ١٢٠ خانوار هم آواره شده اند.
با ابراز تاسف نسبت به جان باختن صدها نفر از شهروندان افغانستانی، در این حادثه دلخراش؛ به خانواده قربانیان تسلیت و برای بهبودی مصدومان این فاجعه آرزوی سلامتی میکنم.
در چنین وضعیتی، برای یکایک دوستان افغانی و خانوادەهای محترمشان، ارزوی سلامتی می کنم، و عمیقا از این فاجعه دردناک اندوهگین می باشم.

بە امید روزهای بهتر برای مردم افغانستان

رحیم رشیدی
واشنگتن
٠٥/٠٣/٢٠١٤

Friday, May 2, 2014

لە ئەمریکا زۆرتر کوردەکان لە مافی دەنگدان بێبەش کران




رەحیم رەشیدی/ واشنگتن

رۆژانی یەکشەمە و دووشەممە، رێکەوتی ٢٧ و ٢٨ی ئاپریلی ٢٠١٤، لە ئەمریکا، ده‌نگدانی هاووڵاتییانی کورد و عێراق، بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئەو وڵاتە، وێرای ئەو وڵاتانه‌ی جیهان كه‌ ره‌وه‌ندی كورد و عێراقی لێیە، بەرێوە چوو.
پێویستە بگوترێ کە کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردەکان سەرەڕای هەبوونی بەڵگەنامەی جۆراوجۆر، رێگریان لێکراو نەیانهێشت کە دەنگ بدەن و ئەوان پێیان وایە کە لەبەر کورد بوون ئەم مافەیان پێشێل کراوە.
سەبارەت بەم کێشەیە، زێبار سەعید سەرۆکی نووسینگەی هەڵبژاردنی پاڕڵمانی عێراق لە ئەمریکا، لە لێدوانیکی تایبەتی دا ئاشکرای کرد کە، بە هۆی ئەوەی کە لە دەرەوە لە کارتی ئەلکترۆنی دەنگدان، کەڵک وەرنەگیراوە و دەنگدەران پێویست بوە کە چەند بەڵگەنامەیەکی سەرەکی، نیشان بدەن کە هاوڵاتی بوونی خۆیان وەکوو شارۆمەندی عێراقی بسەلمێنن.
بە گوێرەی قسەکانی ناوبراو ئەمە گرفتێکی زۆری بۆ دەنگداران خولقاندوە و زۆر کەس لە مافی دەنگدان بێبەش کراوە.
هەر سەبارەت بەم بابەتە و نەبوونی بەڵگەی پێویست یان ئاستەنگ ساز کردنی زۆرتر بۆ دەنگدەرانی کورد، بارزان رەشید کارمەندی تیمی هەڵبژرادن لە ئەمریکا دەڵێ، ئاشکرایە کورد بەردەوام لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا لە ململانێ دا بوە، هەر بۆیە دەبا  حکومەتی هەرێم لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا، کێشەی ناسنامەی هاوڵاتیانی کوردی یەکلایی بکردایەوتەوە تاکوو کوردستانیان بتوانن لەم خەباتەدا چالاکانەتر بەشدار بن و مافیان نەفەوتێ...
لە ئەمریکا سەرجەم لە ٧ ولایەت ٩ بنکە بۆ دەنگدان کرابوەوە کە سەرجەم شەست وێستگەی دەنگدانی لە خۆ دەگرت.
بە گوێرەی قسەکانی زێبار سەعید داتایەکی راستودروست سەبارەت بە حەشیەمتی عێراقی لە ئەمریکا لەبەر دەست دا نیە. بە گوێرەی ئاماری نا فەرمیی، نزیک بە ٤٠٠ هەزار کەس هاوڵاتی عێراقی لە ئەمریکا دەژین کە پتر لە ١٠٠ هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوە.
لە رۆژی یەکەمی دەنگدان دا،١٠ هەزار و ١٤٤ کەس دەنگیان داوە و لە رۆژی دوومەمیش دا کەمتر لە ٧ هەزار کەس دەنگی داوە.
بەم پێیە، سەرجەم ١٧ هەزار کەس لە ئەمریکا بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان کردوە.
پێویستە بگوترێ کە چوار کارمەندی هەڵبژاردن، بە هۆی سکاڵای زۆرەوە، کە هەموویان عەرەب بوون لەسەر کارەکانیان لادران. هاوکات لە چەند بنکەیەکی دەنگدان، لە نێوان هاوڵاتیانی کورد و عەرەب دا لەسەر ئاڵای عێراق و کوردستان ئالۆزی و کێشەی هاتۆتە ئاراوە.
چاوەدێرێکی سیاسیی کاروباری عێراق ئەم گرفتەی بۆ کێشە و ئاڵۆزیە نێوخۆییەکانی عێراق گەراندەوە کە خەڵک متمانەی بە دەسەڵاتدارانی ناوەندی نەماوە. سەرجەم لە ئەمریکا ٢٤ سکاڵا تۆمار کراوە کە هەموویان لە لایەن دەنگدەرانەوە بوە و حیزب و قەوارە سیاسییەکان ناگرێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە دەرەوەی وڵات کەمتر لە ٢٠٠ هەزار کەس بەشداری دەنگدانیان کردوە.
 سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاشکرای کرد، ژمارەی ئەو دەنگدەرانە کە لە کۆی ٢٠ وڵاتی جیهان دا، بەشدرایان کردوە، کەمتر لە ٢٠٠ هەزار کەس بوون.
هاوکات کەمتر لە ٦٠ سکاڵا لە لایەن رەوت و کیانە سیاسییەکانەوە تۆمار کراون.
هەر بە گوێرەی ئەم زانیارییانە، ٣٧٤ کەس چاودێری هەڵبژاردن و ٣٩٤ راگەیاندکار رووماڵی پرۆسەکەیان کردوە.
پێویستە بە بیرهێنانەوەیە، لە ئەمریکا بۆ خولی پێشووی هەڵبژاردنی پەرڵمانی عێراق، لە ساڵی ٢٠١٠ دا، سەرجەم ٢٨ هەزار کەس دەنگیان دابوو کە لەو نێوە پتر لە ١٠ هەزار دەنگ پووچەڵ کرابوەوە.

Thursday, May 1, 2014

١ی ئه‌یار، رۆژی هاوپێوه‌ندی کرێکاران‌، پێویستی خه‌باتێکی یه‌کگرتوو!



رەحیم رەشیدی/ پاریس

وه‌کوو ده‌زانیین، مێژووی یه‌کی مانگی ئه‌یار، به‌رانبه‌ر به‌ ١١ی بانه‌مه‌ڕ، ده‌ستپێکه‌که‌ی ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ رێپێوانێکی به‌رینی کرێکارانی شاری شیکاگۆ، له‌ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئامریکا.
ساڵی ١٨٨٦ی زایینی‌، کرێکارانی بێبه‌ش‌و بێده‌ره‌تانی کارگه‌که‌ جۆراوجۆره‌کانی شاری شیکاگۆ، وه‌کوو هێزی به‌رهه‌م هێنه‌ری سه‌ره‌کی کۆمه‌ڵگا، به‌ ئامانجی ده‌سته‌به‌ر کردنی مافه‌کانیان‌و ئاوڕدانه‌وه‌ی ده‌ستمایه‌داره‌کان له‌ ژیان‌و گوزه‌رانی پڕ له‌ کوله‌ مه‌رگی ئه‌و کریکارانه‌، رێپێوانێکی هێمنانه‌و ئاشتیخوازانه‌یان وه‌رێخست، ئه‌و ڕێپێوانه‌‌ به‌ فیتی ده‌ستمایه‌داره‌کان، له‌ لایه‌ن پۆلیسی شاری شیکاگۆوه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی بێبه‌زه‌یانه‌، که‌وته‌ به‌ر شاڵاوی سه‌رکوتی هه‌مه‌ لایه‌نه‌و خه‌ڵتانی خوێن کرا.
ئاشکرایه‌، یه‌کێک له‌ ئامانجی ئه‌و کرێکارانه‌ی‌ رێپێوانی رۆژی ئه‌وه‌ڵی مانگی مای ساڵی ١٨٨٦ یان له‌ شاری شیکاگۆ وه‌رێخستبوو، دابین کردنی مافی ٨کاتژمێر کار کردن له‌ رۆژدا بوو.
ئه‌م داوا ڕه‌وایه، له‌ لایه‌ن لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌ پێوه‌ندیداره‌کانه‌وه‌ نه‌ک وڵامی ئه‌رێنی پێنه‌درایه‌وه‌، به‌ڵکوو له‌ لایه‌ن ده‌ستمایه‌داره‌ چاوچنۆکه‌کانی تینووی که‌ڵه‌که‌ کردنی سه‌رمایه‌‌وه‌ وه‌کوو هه‌ره‌شه‌یه‌ک بۆ که‌م بوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات‌و باندۆری ئه‌وان له‌سه‌ر هه‌موو پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگا، لێکدرایه‌وه‌، هه‌ر بۆیه به‌ دنه‌دان‌و ته‌ماح وه‌به‌رنانی ده‌ستمایه‌داره‌کان،‌ پۆلیس رێپێوانی هێمنانه‌ی کرێکارانی خسته‌ ژێر نیری زۆرداری‌، دڵرقانه‌ سه‌رکوتی کرد.
پاش ئه‌م رووداوه‌، ئینگلس، ساڵی ١٨٨٩، واته‌ سێ ساڵ پاش رێپێوانی مه‌زن‌و به‌ربڵاوی کرێکاران له‌ شاری شیکاگۆ، له‌ کاتی کۆبوونه‌وه‌ بۆ پێکهێنانی ئه‌نته‌رناسیۆناڵی دووهه‌م‌، پێشنیاری کرد رۆژی ١ی ئه‌یار، به‌رانبه‌ر به‌ ١١ی بانه‌مه‌ڕ، بکرێته‌ رۆژی هاوپێوه‌ندی کرێکاران.
له‌و کاته‌وه‌ تاکوو ئێستا، له‌ زۆریه‌ک له‌ وڵاتانی دونیا، رێوره‌سمه‌کانی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی، به‌ به‌شداری سه‌دان هه‌زار کرێکار به‌رێوه‌ ده‌چێت. ئه‌و کرێکارانه‌ی که‌ به‌ کارو تێکۆشانی خۆیان پێشکه‌وتن دێنه‌ ئاراوه‌و به‌رده‌وامی به‌ ژیان ده‌به‌خش.
دیارده‌ی سه‌رکوت‌و چه‌وسانه‌وه‌ی هه‌مه‌ لایه‌نه‌، به‌داخه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای پێشکه‌وتووی ئامرازه‌کانی زانست‌و گواستنه‌وه‌‌و په‌ره‌ گرتنی هه‌رچی خێراتری زانیاری‌و ده‌نگ‌و باسه‌کان، تاکوو ئه‌مرۆش لێره‌و له‌وێ، له‌ بوارو شێوازی جۆراوجۆردا ده‌بیندرێ‌و به‌ ئاشکرا به‌ به‌رچاوی مرۆفایه‌تییه‌وه‌، زۆر جاران رووخسارێکی قیزه‌ون‌و بێزئه‌ستێن به‌خۆوه‌ ده‌گرێ، له‌ لایه‌ن سیستمه‌ سه‌ره‌ڕۆو نادێموڕاتیکه‌کانه‌وه‌، به‌رێوه‌ ده‌چێت.
سیاسه‌تی چه‌وسانه‌وه‌و ماف پێشلکردنی کرێکاران به‌ تایبه‌ت له‌و کۆمه‌ڵگاو وڵاتانه‌ی ناوه‌نده‌ پیشه‌یه‌کانی کرێکاران‌و توێژه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگا ده‌ستیان ناڕوات‌و ده‌ورو ڕۆڵیکی ئه‌وتۆیان نییه‌، ئاشکراترو به‌رچاوتره‌ دێته‌ ئاراوه‌، ده‌ستمایه‌داره‌کان له‌م کۆمه‌ڵگایانه‌دا، هه‌وسار پچڕاوانه‌ته‌ر سیاسه‌تی که‌ڵه‌که‌ کردنی ده‌ستمایه‌ به‌رێوه‌ ده‌بن، ئه‌وان بۆ خۆیان ده‌سه‌ڵاتدارن‌و له‌ پێناوی هێشتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان‌دا، یاساو رێسا، پێوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان‌و میکانیزمه‌کانی ئیداره‌ی وڵات به‌چه‌شنێک داده‌مه‌زرێنن‌و به‌رێوه‌ی ده‌بن له‌ خزمه‌ت به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی هێژمونی‌و باڵاده‌ستی توێژی ده‌سه‌ڵاتداردا بێت‌و له‌م باره‌یه‌وه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌و یاساو په‌یماننامه‌ نێونه‌ته‌وه‌یه‌کانی بۆ خۆیان ده‌بێ پاپه‌ند به‌ به‌رێوه‌ بردنی بن، ڕه‌چاو ناکه‌ن.
له‌ کوردستان، کرێکاران به‌ هۆی سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌ره‌رۆو نادێموکڕاته‌کان، که‌ هه‌رچه‌شنه‌ تێکۆشانێکی پیشه‌یان له‌گه‌ڵ دژواری تاقه‌ت پروکێن به‌ره‌وڕوو کردوه‌، له‌ سته‌می نه‌ته‌وایه‌تیش ئازار ده‌بینن‌و له‌ ڕاستی‌دا وێرای نه‌ته‌وه‌ ژێرده‌سه‌ته‌کانی دیکه‌، دووقات سته‌میان له‌سه‌ره‌، ئه‌وان هاورێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌بێ بۆ دابین بوونی ژیانێکی مرۆڤ ته‌وه‌رانه‌ تێبکۆشن، ئه‌رکی سه‌رشانیانه‌ بۆ ڕه‌وینه‌وه‌ی سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی که‌ هۆکاری سه‌ره‌کی به‌شێکی زۆر له‌ چاره‌ڕشیه‌کانی‌ زه‌حمه‌تکێشانه‌، خه‌باتی خۆیان له‌گه‌ڵ باقی نه‌ته‌وه ژێر سته‌مه‌‌کانی دیکه‌ له‌ ریزی یه‌کگرتوودا بۆ پێشه‌وه‌ به‌رن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌شێکی زۆر له‌ وڵاتانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست، بۆ وێنه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی ئێران، په‌یماننامه‌ نێونه‌ته‌وه‌یه‌کانیان واژو کردوه‌، به‌وحاڵه‌ش به‌پێچه‌وانه‌ی وه‌عدو به‌ڵێنی خۆیان له‌م به‌ستێنه‌دا، مافی هاوڵاتیان پێشێل ده‌که‌ن‌و هه‌رچه‌شنه‌ بزاوت‌و جووڵه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و پیشه‌ی گرێ ده‌ده‌نه‌وه‌ به‌ دورشمی مه‌ترسی بۆسه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی‌‌، پاشان له‌م بازنه‌یه‌دا، سووک‌و ساکار، یان وه‌کوو گێره‌ شێوێن‌و سه‌ره‌رۆ سه‌رکوتیان ده‌که‌ن، یان به‌ تاوانی گرێدراو بوون به‌ بێگانه‌، له‌ به‌ندیخانه‌یان ده‌په‌ستێوون‌و له‌ نێویان ده‌به‌ن.
بۆ ئه‌وه‌ی باشتر له‌ ڕاده‌ی نایاسایی‌و سه‌ره‌رۆیی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ته‌کانی ناوچه‌ له‌هه‌مبه‌ر زه‌حمه‌تکێشانی وڵاته‌که‌یان‌دا تێبگه‌ین، ئاماژه‌ به‌ چه‌ند خاڵ‌و بڕگه‌ له‌ یاسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان ده‌که‌ین،‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تێک بێت زۆرتر به‌ مافه‌کانمان ئاشنا بین، هاوکات کردارو کرده‌وه‌ی سه‌ره‌رۆیانه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ ناخه‌ڵکیه‌کان ڕوونتر له‌قاو به‌ده‌ین‌و به‌ به‌رنامه‌ی تۆکمه‌وه‌ له‌ دژیان ڕاوه‌ستین.

مافی پێکهێنانی رێکخراوگه‌لی پیشه‌یی:
ماده‌ی ٢٣ی جاڕنامه‌ی مافه‌کانی مرۆڤ، ئه‌و ئیزنه‌ به‌هه‌موو که‌س ده‌دات، بۆ به‌رگری کردن له‌ مافه‌کانی خۆی، رێکخراوو کۆمه‌ڵی دڵخواز پێکبێنێ، یان ئه‌ندامی یه‌کیه‌تییه‌کان بێ.
ماده‌ی ٨، په‌یمانی نێونه‌ته‌وه‌یی مافی ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌رهه‌نگی، ئازادی‌ رێکخراو بوون‌و مافی رێکخراو ده‌ستنیشان ده‌کات، هه‌وه‌ها ماده‌ی ٢٢، سه‌باره‌ت به‌ مافه‌ سیاسیی‌و مه‌ده‌نییه‌کان‌، مافی ئه‌وه‌ی که‌ هه‌مووان کۆمه‌ڵی سه‌ربه‌خۆیان هه‌بێ ده‌سته‌به‌ر ده‌کا‌و داوا ده‌کات ئه‌و مافه‌ بۆ هه‌مووان به‌ فه‌رمیی بناسرێ.

مافی مانگرتن:
به‌ندی ١_د، ماده‌ی ٨، له‌ په‌یماننامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی مافی ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌رهه‌نگی، ئاماژه‌ ده‌کرێ، ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌ندامه‌کان، ده‌بێ پابه‌ند بن به‌وه‌ی، کۆمه‌ڵه‌کان‌و ناوه‌نده‌ جۆراوجۆره‌کان مافی مانگرتنیان بۆ مسۆگه‌ر بکرێ.

مافی که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ هه‌لومه‌رجێکی باش بۆ کار:
ماده‌ی ٢٣ی جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤ ده‌ڵێ، هه‌ر که‌س کار ده‌کات، ده‌بێ مووچه‌یه‌کی ئه‌وتۆی بدرێتێ، سه‌ربه‌رزانه‌ ژیان‌و گوزه‌رانی خۆی‌و بنه‌ماڵه‌که‌ی دابین بکات.

به‌ندی ئه‌لف، مادی ٧، مافی ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌رهه‌نگی، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ پێداگری ده‌کات، ده‌بێ حه‌قده‌ستێکی باشیان بدرێتێ، ئه‌مه‌ش له‌ خاڵه‌کانی گرێبه‌ستی ٢٦، ٩٥و ١٣١دا به‌ ڕووبی به‌رچاو ده‌که‌وێت.
ماده‌ی ٢٣ی جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤ، ده‌ڵێ، هه‌مووان به‌ ژن‌و پیاوه‌وه‌، ئه‌و مافه‌یان‌ هه‌یه‌‌ به‌ بێ هه‌ڵاواردن‌، بۆ کاری وه‌کوو یه‌ک مافی وه‌کوو یه‌کیان هه‌بێ‌و مووچه‌ی وه‌کوو یه‌کیش وه‌ربگرن.
به‌ندی ئا_ئه‌لف، ماده‌ی ٧، سه‌باره‌ت به‌ مافی ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌رهه‌نگی له‌سه‌ر جێبه‌جی بوونی ئه‌و خاڵه‌ پێداگری ده‌کات.

کاری منداڵان:
ماده‌ی ٢٥ی جاڕنامه‌ی مافه‌کانی مرۆڤ، 
وێرای پشتیوانی له‌ مافی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌موو مندالان، له‌ خاڵه‌کانی به‌ندی ٣ ماده‌ی ٩دا، هه‌موو ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام ڕاده‌سپێرێ سه‌رجه‌م مافه‌کانی منداڵان ده‌سته‌به‌ر به‌که‌ن‌.
ئه‌م خاڵ‌و به‌ندانه‌ به‌ باشی ئه‌و ڕاستیه‌ نیشان ده‌ده‌ن، ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌ره‌ڕۆکان، بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی دۆزه‌خ ئاسایان، تا چ ڕاده‌یه‌ک مافی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک پێشێل ده‌که‌ن‌. مافێک که‌ بۆ وه‌ده‌ست هێنانی، ده‌بێ هه‌مووان له‌ ریزێکی یه‌کگرتوودا به‌گژ هه‌موو ئه‌و تانوپۆیانه‌دا بچینه‌وه‌ که‌ سته‌م‌و نابه‌رابه‌ری سیاسیی، ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی، دینی..هتد، دێنه‌ گۆرێ‌و به‌رهه‌می دێنه‌وه‌و دیپارێزن.
کۆنه‌په‌رستان، به‌ چڕکردنه‌وه‌ی ناکۆکی‌ له‌ نێو ئێمه‌ی بێبه‌ش له‌ شادی‌و ژیانێکی ئینسانی، به‌ به‌رێوه‌بردنی سیاسه‌تی هه‌ڵاواردن‌و دابه‌ش کردنمان به‌سه‌ر چین‌و توێژی جیاجیادا، هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ خه‌باتێکی ڕه‌وا بۆ به‌دی هێنانی ئازادی‌و دادپه‌روه‌ری هه‌مه‌ لایه‌نه‌، لێکمان هه‌ڵاوێرن‌، ئه‌رکی ئێمه‌یه‌ به‌ هاوپشتی کردنی یه‌کترو خه‌بات له‌ ریزێکی یه‌کگرتوودا، ئه‌م سیاسه‌ته‌ی نه‌یارانی دێموکراسی‌و دادپه‌روه‌ری ناکام بێلینه‌وه‌‌و به‌م هه‌نگاوه‌مان خه‌بات له‌ دژی سه‌رۆیی به‌گوڕترو شێلگیرتر بکه‌ین.