Archive

Sunday, December 25, 2016

هەواڵێکی دڵتەزین!

وێنە: نەمر ناسر ئێرانپور

هەواڵێکی دڵتەزین!
دوانیوەرۆی ڕۆژی شەممە رێکەوتی ٢٤ی دێسامبری ٢٠١٦، هەواڵی کۆچی دوایی نووسەرو وەرگێری بە تواناو دەروەست؛ هاوڕێی بەرێز کاک ناسری ئیرانپورم پێگەیشت. ئاشکرایە کە هەواڵی مەرگی ئەم ئازیزە بە تەواوەتی ماتەمباری کردم، چوونکە کاک ناسر مرۆڤێکی ڕەوشت بەرزو قەڵەمێکی شێلگیرو بوێری خەباتی رزگاریخوازانەی کوردستان و بۆ من دۆست و مامۆستایەکی گەورە بوو.
پاش چوونم بۆ سوئێد لە ساڵی٢٠٠٢، دووراودوور کاک ناسرم لە رێگای نووسینە پڕ نێوەرۆکەکانیەوە دەناسی و بەردەوام یەکێک لە خوێنەرانی بەرهەمە بە پێزو زانستییەکانی بووم.
لێ ئاشنایی بەردەوام و نەپساوەم لەگەڵ نەمر کاک ناسر ئێرانپور، لە نێوەراستی ساڵی ٢٠٠٦و لە رێگای هاوڕێی تێکۆشەر د. مێرۆ عەلیار بوو. ئەو کات من لە وڵاتی سوئێدەوە بۆ کار کردن لە تیشک تیڤی چبوومە پاریس. ئەو ئاشنایەتی و دۆستایەتییە تەژی لە رێزە، پاش هاتنم بۆ ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٠، زۆر قوڵترو نزیکتر بوو.
کاک ناسر هەر لە سەرەتای شۆرشی گەلانی ئێران تێکەڵ بە جووڵانەوەی بەرینی خەڵک دژی رژیمی پاشایەتی بوو. دواتر بە ناچاری و لەبەر ستەمی کۆماری ئیسلامی، کوردستانی بەجێهێشت و لە وڵاتی ئاڵمان گیرسایەوە. کاک ناسری خۆشەویست، جیا لەوەی وەکوو نووسەرو وەرگێر چالاک بوو لە هەمان حاڵ دا بەردەوام لە خەباتی سیاسیی دا بەشدار بوو. ئەو یەکێک لەو مرۆڤە ورەبەرزانە بوو کە بە روانگەیەکی رەخنەگرانەوە لە ژیانی دەڕوانی و بەر لە هەر کەس لەم مەیدانەدا، ئاوڕی لە ژیانی سیاسیی و حیزبی دابوەوە بە چەشنێک کە هەوڵی دەدا بە وتار، لێدوان، وتووێژو هەڵوێستە نەتەوەییەکانی ئەو بۆشایی و کەموکوڕیانەش پڕ بکاتەوە کە بە باوەرو روانگەی خۆی پێی وابوو لە ڕابردوودا، نەیتوانیوە وەکوو پێویست بۆ کوردو کوردستان ئەنجامی بدات.
کاک ناسر پاش تەواوکردنی خوێندن لە بواری ڕۆژنامەنووسی دا، زۆربەی کاتی خۆی بۆ نووسین تەرخان کردو لەم بازنەدا لە یەکەمین کەسەکان بوو کە بە شێوەی چروپڕ و بەرفراوان سەبارەت بە شێوازەکانی فیدرالیزم کاری کردو زۆر بەرهەمی نایاب و دەوڵەمەندی زانستی پێشکەش بە خوێنەرانی کورد کرد. نووسینە سیاسیی و تئۆریکەکانی کاک ناسر کە بەشێکی زۆریان وەرگێڕانی ڕاستەوخۆ لە زمانی ئاڵمانییەوە بۆ کوردی بوو، بەرچاو روونی زۆری لەسەر کەسایەتیی و تەنانەت حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانا.
هەروەها ئەم کەسایەتیە نەتەوەیی و خاوەن بەهرە، بە زمانی فارسی زۆر زانستیانە بەرپەرچی گوتارو بیرۆکەی ڕەگەزپەرەستەکانی ئێرانی دژی جوڵانەوەی رزگاریخوازانەی کورد دەدایەوەو لەم بارەشەوە بۆ ئێمەومانان مامۆستاو وانەبێژێکی شوێندانەر بوو. تەنانەت کاک ناسر جیا لە رێنوینی راستەوخۆ، بۆ چەند جار بە نووسین لە بەرانبەر ئەو وتارە زبرانەی کە بڵاودەبوونەوە، پشتیوانی لێدەکردین و بەردەوام ئەوەشی بە بیر دەهێناینەوە کە دەبێ خۆراگرو بەردەوام بین و ئێمەی بۆ کارو خەباتی پتر لە پێناوی کوردو کوردستان دا پاڵ پێوەدەناو لە دڵگەرم کردنمان ماندوو نەدەبوو.
لە پاڵ ئەمانەدا کاک ناسر وەک شارەزایەکی بە توانای زمانی ئاڵمانی و وەرگێڕێکی فەرمیی و لێزان و بەتوانا بوو بۆسەر زمانەکانی فارسی و کوردی لە بنکەو دامەزراوەکانی وڵاتی ئاڵمان و لەم بوارەش دا خزمەتی زۆری کردو زۆربەی ئەوانەی کاریان پێی بووبێ، هەرگیز ناوو یادو مرۆڤ دۆستی و متمانەپێکراوی کاک ناسر لەبیر ناکەن.
بەرێز ناسر ئیرانپور، جیا لە بنەماڵەکەی خۆشەویستی زۆر کەس بوو. بە بۆنەی ئەم کۆچە ناوادەوە، وێرای سەرەخۆشی لە خێزان و کچەکانی و گشت خزم و کەسوکاری، پڕ بە دڵ هاوخەمی قوڵی خۆم لەگەڵ گشت قەڵەمە دەروەستەکانی کوردستان دەردەبڕم کە بێ گومان دونیای رووناکبیری کورد، بە کۆچی دوایی نەمر ناسر ئیرانپور مرۆڤێکی بە هەڵوێست و قەڵەمێکی بە برشتی لە دەست دا.
یادو ناوی کاک ناسر ئیرانپور هەردەم بەرزو بەرێز بێ.
رەحیم رەشیدی
واشنگتن

No comments: