Archive

Saturday, February 25, 2017

ماڵئاوا شیڤا گەردی

ماڵئاوا شیفا گەردی
بەداخێکی گەورەو گرانەوە ئەمرۆ شەممە رێکەوتی ٢٥ی فیبرواری ٢٠١٧ی زایینی، ئاگادار بووم کە شیفا گەردی رۆژنامەوانی تۆڕی مێدیایی ڕووداو، لە کاتی رووماڵ کردنی شەڕی رزگار کردنی موسڵ دا، بە هۆی تەقینەوەی بۆمبی چێندراوی هێزە بیرتاریک و دڵ رەشەکانی داعش شەهید بوە.
هەموومان ئاگادارین کە لە ماوەی پتر لە دوو ساڵی رابردوودا، بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان بۆ بەرگری لە ژیان و کەرامەتی خۆیان، بە گیانبازی و فیداکارییەکی شایانەوە، روو بە رووی پەلاماری تیرۆریستان بوونەتەوە.
شیفا گەردی و هاوپێشەکانی لە ماوەی ئەم شەڕە داسەپاوەدا، بۆ گواستنەوەی دەنگوباسی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە قارەمانەکان و تۆمارکردنی تێکشکان و زەبوونی تیرۆریستان، بەردەوام لە مەیدانەکانی جەنگ بوون و هەوڵیانداوە کە خەڵکی کوردستان دەست لە ورەو هیوا بە ژیان بەرنەدەن.
بەم بۆنە تاڵەوە، پرسەو سەرەخۆشی خۆم پێشکەش بە کەسوکاری شەهید شیفا و گشت هاوکارو هاوپیشەکانی دەکەم و هیوای هەرچی زووتر چاکبوونەوە بۆ بریندارەکانی ئەم رووداوە بە ئاوات دەخوازم.

سڵاو لە رۆژنامەوانانی دەروەست

رەحیم رەشیدی
واشنگتن

No comments: