Archive

Tuesday, February 7, 2017

نا بۆ سەرچاوەکانی دوژمن



رەحیم رەشیدی
بەشێک لە راگەینەرە کوردییەکان بە ناوی سەرچاوە ئێرانی، تورکی و عێراقییەکان شتی نزم و هەرزان بایی بڵاوو دەکەنەوە؛ کە لە ئاکام دا خێرەکەی هەر بۆ دەسەڵاتدارانی تاران، دەمشق، بەغداو ئانکارایە.
لەم دۆخەدا بڵاو کردنەوەی هەر هەوالێک کە درزی پتر بخاتە نێو ماڵی کورد، هیچ خیرێکی بۆ کوردستان و خەباتی ڕەوای کوردستانیان لە پێناوی ئازادی و رزگاری لە ژێر دەستی تێیدا نیە. پێم وایە کاکڵی قسە ئەوەیە کە ئەو جۆرە کەس و راگەیەنەرانە دەتوانن و مافی خۆیانە کە کەس یان لایەنێک، تەنانەت چەند کەس و لایەنیان ناخۆش بوێ و دژیان بن، بەڵام نابێ و ناکرێ کە لەبەر گرێی دەروونی یان دژایەتی کەس و لایەنێک گشت کوردو کوردستانتان خۆش نەوێ و بەرژەوەندییە باڵاکانی ڕەچاو نەکەن.
ناکرێ ئەوەی تۆ پێت راست و رەوایە، سوور بی لەسەری کە هەموو راستییەکان هەر ئەوەیە تۆ باسی دەکەی و ئەوانی دیکە کە وەکوو تۆ بیر ناکەنەوە بدەیتە بەر تیری ژەهراوی و رووخێنەر...
ئەوەی لە ئێستادا لە نانی شەو بۆ ئێمە پێویسترە، بەرپەرچدانەوەی گوتاری دووبەرەکی خولقێنی دوژمنەو ئەمەش تەنیا بە لێبوردەیی و سینگ فراوانی و یەکریزی سیاسیی پێکدێت.
کەوایە دەبی و دەکرێ خۆ لە هەموو ئەو کردەوەو گوتارانە بپارێزین کە دوژمن شاد دەکات. چوونکە لەم قۆناغەدا تەنیا یەکریزی دەتوانێ لە ئاسۆی سەرکەوتن نزیکمان بکاتەوەو ئاستی زیانە مادی و مەعنەوییەکانمان کەمترو کەمتر بێ. سەرچاوەکانی دوژمن هەرگیز ناتوانن بۆ ئێمە جێگای بایەخ بن ئەگەر بێتوو وشیارانە لەگەڵ پرسەکان هەنگاو بنێین.
لە کۆتایی دا هەر ئێمە بۆ خۆمان دەتوانین کێشەکانمان بە دەستی خۆمان لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەکەمان دا چارەسەر بکەین!
گەلۆ ئایا بە ئامانجی گەیشتن بەم دەسکەوتە گشتییە، مێرانەو دلێرانە نیە کە کولتوورو ئەدەبیاتی دووبەرەکی تووڕ بدەین و دەست لە نێو دەست بەرەوو سەرکەوتن هەنگاو بنێین؟

No comments: