Archive

Friday, May 19, 2017

پەلاماری پاسەوانەکانی ئەردۆغان بۆ سەر خۆنیشاندەران










رەحیم رەشیدی

لە کاتی سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا، بۆ دیدار لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، رەوەندی کوردی بە تایبەت ئەندامانی و لایەنگرانی پارتی دێموکراتی گەلان، لەبەردەم کۆشکی سپی دژی ئەردۆغان دروشمیان دەوتەوەو هاوکات کۆمەڵێکی دیکە، لایەنگریان لە ئەردۆغان دەکرد. پۆلیس رێوشوێنێکی توندی پاراستنی گرتبوەبەرو رێگای نەدەدا دوو لایەن لێک نزیک ببنەوە.
دواتر خۆنیشاندەران چوونە بەردەم شوێنی مانەوەی باڵوێزی تورکیاو لەم کاتەدا پاسەوانەکانی سەرۆکی تورکیا بە شێوەی شەلم کوێرم ناوبورێم، هێرش و پەلاماریان بۆسەر خۆنیشاندەران دەست پێکردو ئەمەش لەگەڵ یاساو نورمە دێموکراتیکەکانی ئەمریکا کە هاووڵاتیان مافی خۆنیشاندانی مەدەنی و بە دوور لە توندوتیژیان هەیە ناتەبایە. هەر بۆیە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: 
"ئێمە لە ئاست ئەو توندوتیژیانەی رۆژی سێشەممە، لە نێوان خۆپیشاندەران و ئەندامانی ئاسایشی تورکیا روویاندا نیگەرانین. هیچکات توندوتیژی لە حاند ئازادی ڕادەربڕین، وڵامێکی گونجاو نیە. ئێمە لە گشت جێگایەک پشـتیوانی لە مافەکانی خەڵک بۆ ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە دەکەین. ئێمە، شێلگیرانە نیگەرانیـیەکانی خۆمان دەگەیەنینە حکومەتی تورکیا".
لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی شارەوانی واشنگتی پایتەخت، لە راگەیەندراوێکدا لە بارەی پەلامارەکەوە وتی: "ئەوەی دوێنێ بینیمان، توندوتیژی بوو بەرامبەر بە خۆپـیشاندانێـکی ئاشتیانە. ئەمە سووکایەتیکردنە بە بایەخەکانی واشنگتن و مافەکانمان وەکوو ئەمەریکایی. بە توندی ئەو کردەوانە شەرمەزار دەکەم. بەڕێوەبەر نیوشام (سەرۆکی پـۆلیسی واشنگتن) ئاگاداری کردمەوە لەوەی چ ڕێوشوێنێـک لەم بارەیەوە گیراوەتەبەر. پـۆلیسی پایتەخت لە لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە ڕووداوەکە بەردەوام دەبێت و لەگەڵ هاوبەشە فیدراڵیـیەکان کار دەکەن بۆ ئەوەی دادپەروەری جێبەجێ بێت."
هەروەها پیتەر نیوشام سەرۆکی پـۆلیسی واشنتن، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پەلامارەکەی بە هێرشێـکی دڕندانە ناودێر کردو گوتی ١١ کەس برینداربوون کە یەکێـکیان پـۆلیس بوە. هەر وەها ٩ لە بریندارەکان براونەتە نەخۆشخانەو دوو کەسیش دەسبەسەر کراون. ناوبراو ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەو دەزگای پاسەوانی سەرۆکایەتی کار دەکەن بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ هەر کەسێـک دەسـتی لە هێرشەکەدا هەبووبێت.
سەناتۆر جۆن مەککەینیش لە تویتەری خۆی نووسی"ئێرە ئەمەریکایە. ئێمە لێرە ئەمە ناکەین. هیچ پاساوێـک بۆ ئەم جۆرە ڕەفتارە نەشیاوانە نیـیە". شیاوی باسە ڕووداوەکە دەنگدانەوەیەکی مەزنی لە ئاستی مێدیای ئەمریکاو نێونەتەوەیی دا لێکەوتۆتەوەو تاکوو ئەمرۆش ئەم بابەتە بە گەرمی باسی لێدەکرێ بە چەشنێک کە سێبەری خستۆتەسەر سەفەرەکەی سەرۆکی تورکیا بۆ ئەمریکاو داوا دەکرێ کە باڵوێزی تورکیا لە ئەمریکا دەربکرێت.

No comments: